فاینۆرد لە پێشەنگ نزیکدەبێتەوە


لە خولی تۆپی پێی هۆڵەندا یانەی فاینۆرد رۆتردام پلەی سێیەمی ریزبەندی گرت، دوای سەركەوتنی بەسەر یانەی تڤێنتا ئەنیشخیدە بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ.

یارییەكە لە یاریگەی فاینۆرد ئەنجامدرا و هەر لە سەرەتاوە كەریم ئەحمەدیی رەسەن مەغریبی لێدانێكی سزای بۆ فاینۆرد وەرگرت، بەڵام كۆلین كازم ریچاردی تورك و خاوەن وەڵاتینامەی بریتانی، سزاكەی لە دەست دا و تۆپ چووە كۆرنەرەوە، بەڵام هەر لە كۆرنەرەكەوە فاینۆرد سوودی وەرگرت و لێكس ئێمرس گۆڵی پێشكەوتنی تۆماركرد.

لە دەستپێكی گێمی دووەمدا ئۆرلاندۆ ئینگلار گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ یانەی تڤێنتا تۆماركرد و یارییەكەی بەهێزتركرد.

بەڵام دواتر یاریزانانی فاینۆرد دوو گۆڵی خێرایان لە رێی یاریزانان یەنز تۆرنسترا و جۆن پۆل بۆتیۆس تۆماركرد و 3 خاڵیان مسۆگەركرد.
بەم سەركەوتنە فاینۆرد دڵی هاندەرانی خۆشكرد و پلەی سێیەمی ریزبەندیی گرت بە 34 خاڵ.