ڤالڤێردی: ریال مەدرید وایکرد بە خاڵێک رازیبین

رووداو-هەولێر

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا باسی لە یاریی کلاسیکۆ کرد و دەڵێت بەهۆی بەهێزی ریال مەدریدەوە نەمانتوانی یارییەکە ببەینەوە.

ڤالڤێردی لەدوای کلاسیکۆ بەشداری لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوای یارییەکەکرد و گوتی: پێموایە ئێمە خاڵێکمان لە یارییەکەدا بە کۆششی هەردووتیپ بەدەستهێنا، ریال مەدرید رکابەرێکی بەهێزبوو، کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و وایکرد بە خاڵێک رازیبین.

ئێرنێستۆ گوتیشی: ئەوان چەند هەلێکیان بۆ رێککەوت لە نیوەی یەکەمدا ئێمەیان تووشی زەحمەتیکرد، نەماندەتوانی بە ئاسانی بێینەدەرەوە و لە ناوچەی مەترسی قەتیس کرابووین، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنی هەردوو باڵەکەیانەوە، لێدانیشیان لە دەرەوەی هێڵی سزا هەبوو.

" بۆسکێتس تووشی نەخۆشی هەڵامەت بووبوو، بۆیە بڕیارمدا یاری بە راکیتیچ بکەم و ئەو توانی هەیە رۆڵی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەرگری ببینێت، ناشزانم رامۆس باسی چیکردووە کە دەڵێن لێدانی سزا بۆ ریال هەژمارنەکراوە، بەڵام ئەوەندەی دەزانم کە لە یاری پشووتردا بەرامبەر ریال سۆسیداد لێدانێکی سزا بۆ ئێمە هەژمارنەکرا و ئەمەش بووە هۆکاری لەدەستدانی دوو خاڵ" ئەمە قسەی ڤالڤێردی بوو.

راهێنەرەکەی بارسا بەردەوام بوو: یارییەکەی ململانێی بوو، پەستانی زۆریان کردینەسەر، هەلی مەترسیداریان هەبوو، تووشی دوودڵی و چەند کارتێکی زەردیان کردین، پێشبینی ئەو پاڵەپەستۆیانەمان کردبوو، ئێمە لە یاریگەی خۆمان یاریمانکرد و بۆ بردنەوەش هاتبووین، بەڵام لە یارییەکی وا ئاڵۆزدا هەمووشتێک ئاساییە.

یاریی کلاسیکۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەبێ گۆڵ لە یاریگەی کامپنو کۆتاییهات.