بالەی هەولێر دەیەوێت بەردەوام بێت لە سەرکەوتن
رووداو هەولێر
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی بالەی عێراق دەستیانپێکرد و یانەی هەولێر بە بەدەستهێنانی دوو سەرکەوتن دڵی هاندەرانی خۆشکرد.
ئەمساڵ یارییەکان بەشێوازی 3 کۆمەڵە بەڕێوەدەچن، یانەی هەولێر لە کۆمەڵەی سێیەمە لەگەڵ یانەکانی ئەهوار، دەغار و حەبانییە.
لە دەستپێكی یارییەکاندا، یانەی هەولێر لە یانەی دەغارەی بردەوە بە ئەنجامی 3 گێمی بێبەرامبەر، لە دووەم یاریشدا هەولێر توانی درێژە بدات بە ئەنجامی باشەکانی و لە یانەی حەبانییەی بردەوە بە ئەنجامی 3 گێم بەرامبەر بە هیچ.
بڕیارە درێس زەردەکان ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کاژێر 16:00 میوانداری یانەی ئەهوار بکەن.
کاکەجوان رەمەزان، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ بە تیپێکی بەهێز بەشدارین و دەمانەوێت دڵی هاندەرانی یانەکەمان خۆش بکەین، ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا بینیومە لە یاریزانانم جێگای دڵخۆشیمە".
فیدراسیۆنی بالەی عێراق سەرپەرشتی یارییەکانی خولەکە دەکات، لە هەر کۆمەڵەیەک 2 یانە بۆ قۆناخی کۆتایی سەردەکەون.
وەرزی رابردوو یانەی غازی جنووب نازناوی خولی نایابی عێراقی بردەوە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش لە پلەی دووەم هات، هەولێر پلەی چوارەمی وەرگرت.