ڤیدیۆ؛ یاریزانە کۆنەکەی بارسێلۆنا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەلبانیا مێژوو دەنووسێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

سیلڤینۆ، بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەکانی ئارسیناڵ و بارسێلۆنا، وەک راهێنەری هەڵبژاردەی ئەلبانیا مێژووییەکی گەورەی تۆمارکرد و سەرکردایەتی ئەو هەڵبژاردەیەی کرد بۆ گەیشتن بە یۆرۆی 2024 کە تەنیا دووەمجارە ئەو وڵاتە بەشداری لە یۆرۆدا بکات.
 
هاندەرانی ئەلبانیا تاوەکو بەرەبەیان لە تیرانای پایتەخت ئاهەنگیان گێڕا، کاتێک هەڵبژاردەکەیان لە یاریگەی زیمبرۆ لە شاری چیسیناو بە گۆڵێک بەرامبەر بە گۆڵێک لەگەڵ مۆڵدۆڤا یەکسان بوون و پێشوەختە بلیتیێکی بەشدارییان لە یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا مسۆگەرکرد، ئەگەرچی یارییەکی لە پاڵاوتنەکاندا ماوە.
 
ئەلبانیا کە رۆژی دووشەممە لە دوایین یاریی خۆیدا لە کۆمەڵەی یەکەمدا لە تیرانا رووبەڕووی دوورگەکانی فارۆ دەبێتەوە، لە کۆمەڵەکەدا بە دوو خاڵ لە پێش کۆماری چیکەوەیە و لەوەش گرنگتر بە سێ خاڵ لەپێش پۆڵەندایە کە سەرجەم یارییەکانی پاڵاوتنەکانی ئەنجامداوە.
 
هەزاران خەڵکی ئەلبانی بەرگەی بارانێکی بەخوڕیان گرت و رژانە سەر هەردوو گۆڕەپانی سکاندەربێگ و تێرێزا بەدرێژایی یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی پایتەخت، کە بە ئاڵای نیشتمانی و یارییە ئاگرینەکان ئاسمانی شارەکەیان رووناک کردەوە.
 
زۆر لە هاندەرانی ئەلبانیا بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە بە دەوری گۆڕەپانی سەرەکیدا دەسوڕانەوە و هۆڕنەکانیان لێدەدا و مۆزیکی نیشتمانیاین بە دەنگی بەرز دەژەند.
 
ئەلبانیا بە سەرکردایەتی سیلڤینۆی بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەکانی ئارسیناڵ و بارسێلۆنا، گەیشتە یۆرۆ، کە ئەم هەڵبژاردەیە لە مێژووی خۆیدا تەنیا  دووجار گەیشتووەتە ئەو پاڵەوانێتییە. جاری یەکەمی لە یۆرۆی 2016 بوو لە فەرەنسا.
 
سیلڤینۆی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەلبانیا، لەو بارەیەوە گوتی "شتێکی جوانە، لە ماوەی مانەوەم لە ئەلبانیا زۆر شت فێربووم، بەو مانایەی کە ئەگەر بیانی بیت پێتدەڵێن، وەرە بۆ ماڵەکەم با خواردن بخۆین". 
 
راهێنەرە بەرازیلییەکە، سەبارەت بە یارییەکەش گوتی "بەڵێ کەمێک لە کاتی یارییەکەدا ترسام، بەڵام دوای فیکەی کۆتایی باشتر بووم، لە راستیدا دوای نۆ مانگ کارکردن لە هەموو رۆژێکدا، خەونەکە هاتەدی. بەڕاستی خەون بوو. هێشتا خەونە. دەبێت بەڕاستی لەگەڵ ئەمەدا بژیم، هەر بۆیەش من زۆر دڵخۆشم، وەک هەمووتان".