خولی نایابی کوردستان.. سیروانی نوێ دەرفەتی چوونە پێشەنگی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی سیروانی نوێ هەلی وەرگرتنی پێشەنگی خولی کوردستانی لەدەستدا، دوای ئەوەی لەگەڵ چەمچەماڵ یەکسانبوو، یانەی هەڵۆش ئامادەی یارییەکەی نەبوو لە بەرامبەر یانەی هەندرێن، سەرەڕای ئەوەش هەندرێن بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ سیروانی نوێ لە پێشەنگ مایەوە.
 
دوای ئەوەی دوێنێ 4 یاری لە گەڕی 7ـی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەچوون، ئەمڕۆش 3 یاری دیکە ئەنجام دران و چوارەمیشیان نەکرا، لەبەرئەوەی هەڵۆ ئامادەی یاری نەبوو، کە بڕیاربوو رووبەڕووی هەندرێن ببێتەوە.
 
یانەی برایەتی میوانداری یانەی دهۆکی کرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە، کە هەردوو گۆڵەکەی برایەتی لە لایەن شەمزین یاسین و بیلال ساڵحەوە تۆمارکران.
 
بەم ئەنجامە برایەتی ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 9 خاڵ لە پلەی نۆیەم، دهۆکیش بە 12 خاڵ لە پلەی چوارەمە.
 
لە یارییەکی دیکەدا، چەمچەماڵ بووە میوانی سیروانی نوێ و بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون، کە یانەکەی سلێمانی دەرفەتی چوونە پێشەنگی لەدەستدا و ژمارەی خاڵەکانی بووە 16 خاڵ لە پلەی دووەم، چەمچەماڵیش هەشتەمە و خاوەنی 10 خاڵە.
 
لە دێربیی پیرمامدا، پێشمەرگەی هەولێر لەسەر یاریگەی خۆیدا 1-2 بە ئارارات دۆڕا، کە 
لە 2017ـەوە پێشمەرگەی هەولێر نەیتوانیوە لە ئارارات بباتەوە.
 
ئەم وەرزە پێشمەرگەی هەولێر لەسەر یاریگەی خۆیدا باش دەرناکەوێت، کە لە 4 یارییدا دووجار دۆڕاوە، جارێک براوەبووە و جارێکیش یەکسانبووە، ئێستا شەشەمە و 11 خاڵی هەیە، ئاراراتیش بووە خاوەنی 10 خاڵ و چووە پلەی حەوتەم.
 
یانەی هەڵۆی دەڤەری بارزان، بەهۆی خراپی باری داراییەوە، نەیتوانی بەردەوامی بە بەشداریکردنی لە خولەکەدا بکات و بڕیاری کشانەوەی دا، بۆیە ئەمڕۆ ئاامدەی یارییەکەی بەرامبەر هەندرێن نەبوو، کە بڕیار بوو لە ئاکرێ بەڕێوەبچێت.
 
ئەحمەد خەلیل، سەرۆکی یانەی هەڵۆ، بەر لە یارییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی یانەکە پێیدا تێدەپەڕێت، ناتوانین بەردەوامی بە بەشداریکردنمان لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان بدەین، بۆیە بڕیارمانداوە خۆمان لە خولەکە بکشێنینەوە و لە یارییەکەی ئەمڕۆشدا یاریی ناکەین.
 
سەرۆکی یانەی هەڵۆ زیاتر گوتی " بەشدارییکردن لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان بە قەرز ناکرێت، هیچ دەرگایەک نەما لێی نەدەین بۆ ئەوەی هاوکاریی یانەکە بکرێت، بەڵام هیچ دەرگایەکمان لێنەکرایەوە و ئێمەش ناچارین بڕیاری خۆ کشانەوە لە خولەکە بدەین."
 
ئەحمەد خەلیل دەڵێت " لەسەرەتای وەرزەوە بڕیارنەبوو بەشداری لە خولەکەدا بکەین، بەڵام چەند لایەنێک بەڵێنی هاوکاریان پێدابووین، لێ هیچ یەکێک لە بەڵێنەکان جێبەجێنەکرا."
 
یانەی هەڵۆ دوو وەرز لەمەوبەر، دوای ئەوەی پلەی دووەمی خولی پلە یەکی کوردستانی بەدەستهێنا گەڕایەوە نێو رکابەرییەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، بەڵام ئەم وەرزە ئەنجامەکانی زۆر خراپن لە 6 گەڕی رابردووی خولەکەدا، یانەکە سەرجەم یارییەکانی دۆڕاندووە و هیچ خاڵێکی نییە، جگە لەوەش یانەکە 14 گۆڵی لێکراوە و تەنیا یەک گۆڵی کردووە.
 
ریزبەندی خولی نایابی کوردستان:
 
1 ــ هەندرێن 16 خاڵ
2 ــ سیروانی نوێ 16 خاڵ
3 ــ سەیدسادق 12 خاڵ
4 ــ دهۆک 12 خاڵ
5 ــ نەورۆز 12 خاڵ
6 ــ پ.هەولێر 11 خاڵ 
7 ــ ئارارات 10 خاڵ
8 ــ چەمچەماڵ 10 خاڵ
9 ــ برایەتی 9 خاڵ
10 ــ زاخۆ 9 خاڵ
11 ــ دەربەندیخان 9 خاڵ 
12 ــ هەولێر 7 خاڵ
13 ــ سۆران 6 خاڵ
14 ــ شێروانە 6 خاڵ
15 ــ شەقڵاوە 5 خاڵ
16 ــ هەڵۆ 0 خاڵ