ئیتۆ: دەبمە سەرۆکی تۆپی پێی کامیرۆن


رووداو دیجیتاڵ 

ساموێل ئیتۆ، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی کامیرۆن، بەفەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتیی تۆپی پێی کامیرۆنی بەربژێرکرد.
 
هێرشبەرە تەمەن 40 ساڵاناکە لە لێدوانێکییدا کە بۆ میدیاکانیدا لەدوای ئەوەی کە بەفەرمی ناوی خۆی وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتیی تۆپی پێی کامیرۆن تۆمارکرد، گوتی: هەموو ئەو دەنگۆیانەمان رەتکردەوە کە باسیان لەوەدەکرد گوایە لە کێبڕکێکردنی سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆن کشاوینەتەوە، من پێتان دەڵێم سەرۆکی داهاتووی یەکێتیی تۆپی پێی کامیرۆن ساموێل ئیتۆیە.
 
ئیتۆ کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی فیدراسیۆنەکە پشتگیریی لە سایدۆ ئێمبۆمبۆ نگۆیای سەرۆکی ئێستای یەکێتییەکە دەکرد، بەڵام وادیارە دۆخەکە بەو شێوەیە نەچووەسەر کە ئیتۆ پێشبینی دەکرد و گوتی: پێش سێ ساڵ من پشتگیریم لە پرۆژەیەکی باش دەکرد بۆ داهاتووی تۆپی پێی وڵاتەکەمان، هەرچەندە پێموایە دەستکەوتەکان باش بوون، بەڵام لە ئاست پێشبینییەکانی ئێمە نەبوون.
 
ئیتۆ رایگەیاند کە ئەگەر دەربچێت مووچەی مانگانەی سەرۆکایەتییەکەی دەبەخشێتە پڕۆژەکانی داهاتووی گەنجان و یاریزانانی لاو.
 
سەبارەت بە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای داهاتوو کە لە مانگی یەکدا دەکرێت  دوای چەندینجار دواخستن بەهۆی کەشوهەوا و ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئیتۆ دەڵێت: ئەم پاڵەوانێتییە هەلێکە بۆ دەرخستنی بەهرەکانی ئەم وڵاتەی کە کەس پێشبینی ناکات چەند بەهرەی تێدایە.
 
ئەو هێرشبەرەی پێشووی مایۆرکا، بارسێلۆنا، ئینتەرمیلان و چەندین یانەی دیکە لە ساڵی 1997ـەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی کامیرۆن کردووە تاوەکو 2014، خاوەنی 57 گۆڵی نێودەوڵەتییە لە 118 یاریدا، لە ساڵی 2019 لە خولەکی یانەکانی قەتەر بەفەرمی وازهێنانی خۆی راگەیاند.