لێدوانی فەرمی یانەی هەولێر بۆ رووداو لە بارەی سکاڵاکەی لوئەی سەڵاحەوە
رووداو دیجیتاڵ
لوئەی سەڵاح، ئەستێرەی پێشووی یانەی هەولێر و راهێنەری ئێستای یانەی کارەبا، سکاڵایەکی لە دژی یانەی هەولێر تۆمارکردووە و داوای 430 ملیۆن دینار لە یانەکە دەکات، سەرۆکی یانەی هەولێریش دەڵێت " هیچ نووسراوێکی سکاڵاکردنمان پێشاننەدراوە."
لوئەی سەڵاح لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکردووە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "430 ملیۆن دینارم لای یانەی هەولێرە و یانەکە ئامادەنییە ئەو مافەم پێبدات کە پێشتر لە کاتی یارییکردنم بۆ یانەکە لەلای یانەکە ماوە."
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە چووە بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لوئەی سەڵاح ئامادەیە نیوەی ئەو پارەیەی پێبدەین، بەڵام داوادەکات لە ماوەی 3 مانگدا هەموو پارەکەی پێبدەین، ئێمەش ئەو توانایە داراییەمان نییە، لەکاتێکدا هیچ نووسراوێکی فەرمیی سکاڵاکردنەکەی پێشاننەداوین، بۆیەش پرسەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە."
سەرۆکی یانەی هەولێر زیاتر بۆ رووداو قسەیکرد و دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی هێشتا ئەو پرسە یەکلانەبووەتەوە، بەڵام مافی بەشداریکردنمان لە خولی عێراق بەدەستهێناوە و یانەی هەولێر بەشداری لە وەرزی نوێی خولی عێراقدا دەکات."
قسەکانی سەرۆکی یانەی هەولێر لەبارەی سکاڵاکەی لوئەی سەڵاح لە کاتێکدان، رۆژی سێشەممە ئەو هێرشبەرەی پێشووی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "شەوی دووشەممە دوو کەس کە لە هەولێرەوە هاتبوون هاتوونەتە لام و پێیانگوتم، هەولێر پارەی نییە و داوادەکەین کە ئاسانکاری بکەیت بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن، منیش لەگەڵیان رێککەوتم کە نیوەی ئەو پارەیەم پێبدەن کە داوای دەکەم و کۆی گشتی 430 ملیۆن دینارە."
لوئەی زیاتر دەڵێت "دوای ئەو رێککەوتنە، چوومەتە بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و چاوم بە وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر کەوت، بەڵام ئەو پێی گوتم، ئاگاداری هیچ رێککەوتنێک نین و ئامادەنین هیچ بڕە پارەیەکت پێبدەین."
لوئەی سەڵاح لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "هەستدەکەم لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق جۆرێک لە دواخستن لەلایەن لیژنەی رێکاری هەیە بۆ ئەوەی بڕیار نەدرێت، تاوەکو خولی عێراق دەستپێبکات و هەولێر بەشداری لە خولەکدا بکات و دوای ئەوەش مافەکانم نەدرێت."