ڤیدیۆ؛ عەبدولغەنی شەهد: هەولێر یانەیەکی گەورەیە و پێویستە سلێمانی پشتگیری لە یانەی نەورۆز بکات

رووداو دیجیتاڵ

 

عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەی نەفتی وەسەت، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیای رووداو، باسی رەوشی خولی نایابی عێراق دەکات و باس لە هۆکارەکانی ئاستباشی یانەکانی کوردستان دەکات.
 
رێبوار محەممەد، لەو هەڤپەیڤینەدا، چەند پرسیارێک ئاراستەی راهێنەری یانەی نەفتی وەسەت دەکات، ئەویش وەڵامیان دەداتەوە، کە پوختەی وەڵامەکانی بەمشێوەیەبوو:
 
 
بەناوی خوای گەورە، خولەکە هێشتا لە سەرەتایەتی، هەڵەیە ئێستا حوکم لەسەر تیپەکەمان بدەین، تیپەکەمان یان تیپەکانی دیکەش. ئەو یارییانەی بەرامبەر تیپەکانی دیکەمان ئەنجام داون، سەرکەوتوو بووین، هەندێک یاری باشمان کردووە، بەڵام هێشتا لە ئاست ویست و داواکاریماندا نییە، لەبەرئەوەی لە سەرەتای خولەکەداین، هەروەها ماوەی ئامادەکارییەکان کەم بوو، کە لەوانەیە ماوەکە بۆ هەموو تیپەکان کەم بووبێت، بۆیە هیواخوازین لە رۆژانی داهاتوودا یاری باشتر پێشکەش بکەین، هەروەها ئومێدەوارین یاری ئەمڕۆشمان تەواوکەری زنجیرە سەرکەوتنەکانی پێشوومان بێت.
 
هیواو ئارەزووی رکابەریمان هەیە، هەروەها هەموو یانەکانی دیکەش وەک نەفتی وەسەت ئەو هیوایەیان هەیە، بەڵام یانەکەمان هەمیشە ئاستێکی بەرز لە یارییەکانیدا پێشکەش دەکات و هەمیشە بەرامبەرێکی زەحمەت بووە بۆ تیپە گەورەکان، هەروەها بە بەردەوامی لە ئاست ویست و رەزامەندی هاندەرانیدا بووە لە خول و پاڵەوانێتییەکاندا، بەتایبەتی ئەو ساڵەی نازناوی خولی بردەوە، ئەمساڵیش بەدڵنیاییەوە یەکێک لە ئامانجەکانمان رکابەریکردنە.
 
بێگومان تیپە جەماوەرییەکان خاوەنی یاریزانی گەورە و بەتوانان، نەک هەر راهێنەر و یاریزانی گەورە، بەڵکو ئەو تیپەی بتوانێت رکابەری بکات، پێویستی بە هەندێک بنەما و لایەنی دیکەش هەیە، من پێموایە یانەی جەویە تیپێکی جیاوازە و یاریزانی باشی هەیە، هەروەها پێموایە تیپەکە لە دۆخێکی سەقامگیردایە، هەروەها شورتەش ئەم وەرزە زۆر یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی هونەری کۆکردووەتەوە، زەوراش، کە دەکرێت ئەم تیپانە ئەمساڵ جیاوازبن لە یانەکانی دیکە.
 
بە هەندێک لێکدانەوەی ساددە لەوانەیە ئەرکی یانەکانی پارێزگاکان لە یانەکانی بەغدا زەحمەتتر بێت، بۆ نموونە یانەکانی بەغدا بەدرێژایی وەرزەکە 9 یاری دەچنە دەرەوەی بەغدا، بەڵام یانەکانی پارێزگاکان 19 یاری لە دەرەوەی پارێزگاکەیان دەکەن، هەرچەندە ئەمە هەندێک وردەکارین، بەڵام هەمیشە وردەکارییەکان رۆڵیان لە رکابەری دەبێت، درێژی خولەکە و بوونی یەدەگ، ئەمانە هەمووی تەواوکەرن و پێویستە ئەو بابەتانە لەبەرچاو بگیرێن، تەنانەت ئەو تیپانەی توانای دارایی گەورەیان هەیە جیاوازییان دەبێت.
 
جارێک بە سۆز قسە دەکەین و جارێکیش بە یاساکان، بێگومان یاسا رێگە نادەت یارییەکانی خول لە هەفتەی فیفادا بەڕێوەبچن، ئەمساڵیش هەڵبژاردەکەمان یاری زۆری هەیە، بەتایبەتی یاریی فەرمی، کاتێک باسی پاڵاوتنەکانی مۆندیال دەکەین ئەمە مافێکی فەرمییە، دەبێتە هەفتەی فیفا و ناکرێت لەو رۆژانەدا یاری بەڕێوەبچن، هەرچەندە ئێمە یەکێکین لەو تیپانەی سوود لەو دۆخە وەردەگرین، چونکە ئێمە تەنیا یەک یاریزانمان لە هەڵبژاردەی عێراقدا هەیە، بەڵام جارێک بە سۆز و جارێک بە یاسا قسە دەکەین، کارەکە ئاسان نییە بۆ برایان لە لیژنەی پێشبڕکێکان.
 
درێژی ماوەی خولەکە یەکێکە لەو هۆکارانەی کاریگەری خراپی هەیە، بەتایبەتیش کە ئەمساڵ بێجگە لە پاڵاوتنەکان پاڵەوانێتی دیکەش هەیە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، هیوادارین سەرکەوتوو بن.
 
سەرەتا یانەی هەولێر مێژوویەکی گەورەی لە خولەکەدا هەیە، دەستکەوتی گەورەی هەیە، سەبارەت بەخۆم هەمیشە دڵخۆش دەبم کە ئەمجۆرە یانانە لە خولدا دەبینم، ئەوەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، ئەو پێشکەوتنەی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە، ئەو یاریگە باشانە، کە بێگومان کاتێک دەبینیت یاریگەی باش هەیە راهێنەر بەر لە یاریزان دڵخۆش دەبێت، یانەی هەولێر هەمیشە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە، لەوانەیە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەندێک پاشەکشەی کردبێت، بەڵام بێگومان بەهۆی لایەنی داراییەوە بووە، یانەی زاخۆش یەکێکە لەو یانانەی بەرامبەر راکابەرانی سوپرایز دەکات، بەتایبەتیش لەنێو یاریگەکەیدا، هەروەها کەشوهەواکەش لەوانەیە لە بەرژەوەندی یانەکانی کوردستاندا بێت، بەتایبەتی لە زستاندا، کە یانەکان لەگەڵیدا راهاتوون، من باسی هەموو وردەکارییەکان دەکەم، بۆیە دەڵێم زاخۆ تیپێکی جیاوازە، تیپی نەورۆز هێشتا زووە بڕیاری لەسەر بدەین، بەڵام لە یارییەکەیاندا بەرامبەرمان بینیم کە راهێنەر و یاریزانانی ئارەزووی بردنەوە و بەدەستهێنانی ئەنجامەکانیان هەیە، بێگومان ئەو نوێنەرایەتی پارێزگایەک دەکات، بۆیە کاتێک تیپێک دەبێتە نوێنەری پارێزگایەک پێویستە هەموو خەڵکەکەی پاڵپشتی بکات، چونکە تۆپی پێ چیدی تەنیا تۆپی پێ نییە، نەک هەر پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان بەڵکو هەموو پارێزگەکانی دیکە پێویستە بایەخ بە تیپەکانی تۆپی پێیان بدەن، چونکە زۆر شتی گرنگی تێدایە بۆ لاوانی، من بەشێوەیەکی گشتی قسە دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازم.
 
نەجەف دەتوانێت رکابەری بکات، دەکرێت نەوتی باشووریش لە رکابەریدا بێت.