سیتی و ئینتەر، یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دووبارە دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو ژمارەیەکی دیکە لە یارییەکانی گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچێت، لووتکەی شەوەکە لەسەر یاریگەی ئیتیحاد دەبێت، کاتێک مانچێستەر سیتی، میوانداریی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەکات.
 
یەکەم هەنگاوی مانچێستەر سیتیی زەبەلاح، لە وەرزێکی نوێی چامپیۆنزلیگدا، بەدووبارەکردنەوەی ئەو یارییە دەبێت کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، نازناوەکەی بەخشییە یانە ئینگلیزییەکە.
 
مانچێستەر سیتی لە یاریگەی خۆیدا، یەکەم یاریی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵی ئەنجامدەدات و تیپە ئینگلیزییەکە بەهۆی بوونی پێکهاتەیەکی بەهێز و راهێنەرێکی مەزنەوە، بەربژێرێکی سەرەکی بردنەوەی نازناوەکەیە.
 
مان سیتی، وەک هەمیشە بەدۆخ و ئاستێکی باشەوە روو لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکە دەکات، پاشئەوەی لە وەرزی نوێی پرێمەرلیگدا، بەچوار بردنەوەی لەسەریەک و تۆمارکردنی یانزە گۆڵ، پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی گرتەوە.
 
پێپ گواردیۆلای راهێنەر کە لەگەڵ یاریزانەکانیدا لە دەرەوەی یاریگە هەست بەگوشاری تۆمەتبارکردنی یانەکەی بە 115 لادان لە یاسا داراییەکانی پرێمەرلیگ دەکات، دەیەوێت یارییەکەی چامپیۆنزلیگ هەلی لەبیربردنەوەی ئەو گوشارانە و سەپاندنی ستایلی تیپەکەی بەسەر ئینتەرمیلاندا پێ بدات.
 
جیا لە درەوشانەوەی تیپەکەی پێپ بەگشتی، ئێرلینگ هالاندی گۆڵکەریش بەدرەوشانەوەیەکی گەورە وەرزەکەی دەستپێکرد، پاش تۆمارکردنی نۆ گۆڵ لە چوار یاریدا. هەمووان چاوەڕێی گۆڵی یەکەمی هالاندن لە ئینتەرمیلان.
 
ئینتەرمیلان لای خۆیەوە بەدۆخێکی نموونەییەوە ناچێتە یاریگەی ئیتیحاد. ئەو تیپە لە یارییەکەدا لە تواناکانی فیدریکۆ دیمارکۆی یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی بێبەش دەبێت و ئەوەش ئەرکی یاریزانە ئامادەکان قورستر دەکات.
 
ئینتەرمیلان، لە خولی سێری ئادا خاوەنی دەرچوونێکی نموونەیی نییە، دوو یەکسانبوون بەرامبەر جێنوا و پاشان مۆنزا، تیپەکە هاندەدات دەرچوونی خراپی لە ئیتاڵیا، بەدەرچوونێکی ناوازە لە ئەورووپا قەرەبوو بکاتەوە.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.