پاڵەوانی مۆندیالی 1990 کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ

سالڤاتۆری 'تۆتۆ' سکیلاچی، گۆڵکەری مۆندیالی 1990 لە تەمەنی 59 ساڵیدا، پاش ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دواییکرد.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا لە بڵاوکراوەیەکدا، هەواڵی کۆچی دوایی سکیلاچی راگەیاند، فیدراسیۆنەکە دەڵێ، "تۆتۆ سکیلاچی، کە سیمبولی مۆندیالی 1990ی ئیتاڵیا بوو، لە تەمەنی 59 ساڵیدا ژیانئاواییکرد". بڕیارە لەسەردەم یارییەکانی هەفتەی داهاتووی خولی ئیتاڵیا، خولەکێک رێزلێنان بۆ ئەو یاریزانە هەمووان رابوەستن.
 
یانەی یوڤێنتوس، پێشەنگی ئەو یانانە بوو کە خەمباریی خۆی بەکۆچی دوایی سکیلاچی راگەیاند. یانەکە ئەوی بەسیمبولی تۆپی پێی وڵات و جیهان ناوبردووە، پاشئەوەی ئەو لە مۆندیالی 1990 بەشێوەیەکی پێشبینینەکراو درەوشاەیەوە. یوڤێنتوس وێنەی ئەو هێرشبەرەی بەدرێسی یانەکەوە بڵاوکردووتەوە و نوسیویەتی، "ماڵئاوا تۆتۆ".
 
سەرچاوەکان دەڵێن، سکیلاچی بەهۆی توشبوونی بەشێرپەنجەی قۆڵۆن، لە نەخۆشخانەیەکی پالێرمۆ گیانیلەدەستداوە.
 
ئینتەرمیلانی پاڵەوانی ئیتاڵیا، کە سیکلاچی لە نێوان ساڵانی 14992 تاوەکو 1994 یاریی بۆ کردووە، دەڵێ، "ئەو خەونی هەموو وڵاتی بەدیهێنا کاتێک لە شەوە جادووییەکانی مۆندیالی 1990 درەوشایەوە. ئینتەر لەپاڵ ماڵباتەکەی دەمێنێتەوە لە پاش کۆچی دوایی تۆتۆ".
 
سکیلاچی لە نێوان 1989 تاوەکو 1992 یاریزانی یوڤێنتوس بووە و لەگەڵیدا نازناوی جامی یەکێتی ئەوروپای بەدەستهێناوە.
 
هەروەها یاریزانی ئینتەرمیلان بووە و پێشتر کاروانی خۆی لە یانەی میسیناوە دەستپێکرد، بەبێئەوەی هیچ سەرکەوتنێک لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەست بهێنێت. دواتر رووی لە یانەی گۆبێلۆ ئیواتای ژاپۆنی کرد و لە 1997 بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا.
 
سکیلاچی لای ئیتاڵییەکان بەپاڵەوانێکی نەتەوەیی دادەنرێت، پاشئەوەی لە مۆندیالی 1990 کەلەسەر خاکی وڵاتەکە بەڕێوەچوو، شەش گۆڵی تۆمارکرد و نازناوی گۆڵکەری پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا و پێشەوایەتیی ئیتاڵیای کرد بۆ گەیشتن بە پلەی سێیەمی مۆندیالەکە.
 
سکیلاچی لە پاڵەوانێتییەکەدا پێڵاوی ئاڵتوونیی وەرگرت وەک گۆڵکەری پاڵەوانێتییەکە، هەروەها تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی مۆندیالەکەی وەرگرت، پاشئەوەی پێش هەریەکە لە دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەرجەنتینی و لۆتار ماتیۆسی ئەڵمانی کەوت.
 
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نازناوی مۆندیالی 1990ی بەدەستهێنا، پاشئەوەی لەیاریی کۆتاییدا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئەرجەنتینی بردەوە.
 
سکیلاچی، دوای وازهێنانی لە یارییکردن، گەڕایەوە بۆ ناوچەی سەقلییە و لەوێ فێرگەیەکی تۆپی پێی لە پالێرمۆ دامەزراند.