ڤیدیۆ؛ یاریزانێکی کورد گۆڵی لە ریال مەدرید کرد و هەمووانی دڵخۆشکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی یانەی شتوتگارت، مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و لەنێو یاریگە سانتیاگۆ بێرنابیۆ گۆڵی لە ریال مەدرید کرد، بەڵام یانەکە لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە چامپیۆنزلیگدا دۆڕا.
 
ریال مەدرید و شتوتگارت لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە، لەنیوەی یەکەمدا یانە ئەڵمانییەکە بەربەستی زۆری خستە بەردەم یانە ئیسپانییەکە و هیچ گۆڵێک نەکرا.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، کیلیان ئێمباپێ گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
 
زۆری نەبرد، دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی یانەی شتوتگارت ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، ئەم گۆڵە هەموو کوردێکی دڵخۆشکرد و هەر زوو سۆشیاڵ میدیای تەنی، ئەوانەشی هاندەری ریال مەدریدن دڵیان پێی خۆشبوو.
 
لە خولەکی 75 دێنیز ئونداڤ، لە یارییەکەدا گۆڕانکاریی پێکرا و لەنێو رێزگرتنێکی زۆری هاندەرانی یانەی ئەڵمانییەکە یاریزانەکە لە یاریگە چووە دەرەوە.
 
دوای ئەوە ئەنتۆنیۆ رۆدریگێر و ئێندریک، دوو گۆڵی دیکەیان بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی ریال مەدرید کۆتاییهات و یانەی شاهانە یەکەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

 
ئونداڤ، بەرامبەر یانەی ریال مەدرید 75 خولەک یارییکرد، 23 جار قاچی بەر تۆپ کەوت، 3 لێدانی بەشێوەیەکی گشتی هەبوو، یەک لێدانی بۆ گۆڵ بوو و گۆڵێکی تۆمارکرد.
 
یاریزانە کوردەکە 12 پاسی دروستی هەبوو لە کۆی 16 پاس و 2 هەلی راستەقینەی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد، لە یارییەکەدا هەڵسەنگاندنەکەی 7.7 بوو و یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکانی یارییەکە.

ئونداڤ خەڵکی روهای باکووری کوردستانە، یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چەندجارێک بە ئاڵای کوردستانەوە دەرکەوت و پێشتر کاتێک هەڵبژاردەی تورکیا داوایکرد یارییان بۆ بکات گوتی من کوردم و دەمەوێت یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکات.
 
لە هاوینی ئەمساڵ یاریزانە کوردەکە بەرامبەر 26 ملیۆن یۆرۆ، گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی شتوتگارت واژۆکرد، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو بەشێوەی خواستن لەو یانەیە بوو.