گواردیۆلا لە بەردەم تاقیکردنەوەی مارێسکادا


رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یانەی مانچێستەر سیتی، گەشتی بەرگریکردن لە نازناوی پرێمەرلیگ دەستپێدەکات کاتێک رووبەڕووی یانەی چێڵسی دەبێتەوە. 
 
دوو یانەی ئینگلیزی کە دوو مێرکاتۆی پێچەوانەی یەکیان هەبووە، یانەی چێڵسی لە مێرکاتۆی هاوینەدا گواستنەوەی 9 یاریزانی نوێی راگەیاندووە، لیستی ئەو یانەیە ئێستا 42 یاریزانی تێدایە.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی مانچێستەر سیتی تەنیا یەک گواستنەوەی فەرمی ئەنجامداوە، ئەویش ساڤینیۆ، ئەستێرەی یانەی جیرۆنا، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی گواستنەوەکان بە دەستەوارەیەکی 25 ملیۆن یۆرۆیی رووی لە یانەکە کرد. 
 
یانەی مانچێستەر سیتی بەهەمان ستافی راهێنەری و بەسەرکردایەتی پێپ گواردیۆلا دەڕواتە وەرزی نوێوە، بەڵام یانەی چێڵسی ئەمجارە ئینزۆ مارێسکای ئیتاڵی، راهێنەری پێشووی یانەی لیستەر سیتی سەرکردایەتی پرۆژەکەی دەکات لە وەرزی نوێدا.
 
یانەی چێڵسی لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئێستای، تۆد بۆیلی، لە ماوەی سێ ساڵدا 35 یاریزانی گواستووەتەوە ریزەکانی و شەش راهێنەری جیاواز ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان لە ئەستۆگرتووە.
 
لەبەر ئەم هۆکارانە ئەوە بەدی دەکرێت، یانەی مانچێستەر سیتی جێگیرتر و ئامادەترە لە یانەی چێڵسی.
 
یانەی چێڵسی نەیتوانیوە براوەبێت لە کۆتا 10 جاردا کە ئەو دوو یانەیە رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، یانەی مانچێستەر سیتی هەشت جار براوە بووە و دووجار یەکسانبوون، هەردوو یەکسانبوونەکە لە پرێمەرلیگی پاردا بوون.
 
یانە لەندەنییەکە لە شەش یاریی ئامادەکاریدا تەنیا یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە، ئەویش بەرامبەر یانەی کلۆب ئەمریکای مەکسیکی بووە.
 
لە هەمانکاتدا، سیتیزنس، یەک یاریی دۆستانەیان بردووەتەوە، ئەویش بەرامبەر یانەی چێڵسی بووە.
 
هەفتەی رابردوو یانەی مانچێستەر سیتی جامی قەڵخانی ئینگلتەرای بەدەستهێنا دوای سەرکەوتنی بەسەر یانەی مانچێستەر یونایتد بە لێدانەکانی یەکلاییکەرەوە.
 
پێکهاتەی پێشبینیکراوی یانەی چێڵسی:
 
گۆڵپارێز: رۆبێرتۆ سانچێز
 
هێڵی بەرگری: گوستۆ، کۆلویڵ ، فۆفانا و کوکورێلا
 
هێڵی ناوەڕاستی: ئینزۆ، لاڤیا و کایسیدۆ
 
هێڵسی هێرشبردن: نکونکو،  جاکسۆن و پاڵمەر
 
 
پێکهاتەی پێشبینیکراوی یانەی مانچێستەر سیتی:
 
گۆڵپارێز: ئیدەرسۆن
 
هێڵی بەرگری: لیویس،  دیاز، ئاکانجی و گڤاردیۆل
 
هێڵی ناوەڕاستی: دی برۆین، کۆڤاسیچ و بێرناردۆ 
 
هێڵسی هێرشبردن: ساڤیۆ، هالاند و دۆکو