ئیلۆن ماسک بە توویتێک نرخی مانچێستەر یونایتدی بەرزکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن ماسک بە گاڵتەیەک پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی لە بازاڕدا بەرزدەکاتەوە.
 
ئیلۆن ماسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و ملیاردێری بەنێوبانگی جیهان، بەو توویتەی لەبارەی کڕینەوەی یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کردی پشکەکانی یانەکەی لە بوورسەی جیهاندا بەرزکردەوە، میدیای بەریتانیا دەڵێت " پشکەکانی مان یونایتد دوای ئەو توویتەی ماسک بە رێژەی 4.77٪ بەرزبووەتەوە کە ئەمە دووەمجارە پشکەکانی یانەکە بەو رێژەیە زۆرە بەرزببێتەوە، کە پێشتر پشکەکانی بەرێژەی 17٪ بەرزببووەوە."
 
راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بەهۆی توویتەکەی ئیلۆن ماسکەوە، پشکەکانی یانەکە 1 ملیار دۆلاری چووەتە سەر.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد لە ساڵی 2005ـەوە لەلایەن ماڵباتی گلایزەرەوە خاوەنداریەتیی دەکرێت، یانەکە لە بارودۆخێکی خراپدایە و هاندەران داوای رۆیشتنی ماڵباتی گلایزەر دەکەن.
 
درەنگانی شەوی سێشەممە ئیلۆن ماسک لە توویتێکدا گوتی " مانچێستەر یونایتد دەکڕمەوە و بەخێرهاتنتان دەکەم."، بەڵام چەند کاژێرێک دوای توویتەکەدا وەڵامی فانەکانیدایە و گوتی " ئەمە گاڵتەیەکی درێژخایەنی توویتەرە و من هیچ یانەیەکی وەرزشی ناکڕم، بەڵام ئەگەر یانەیەک بکڕم مانچێستەر یونایتد دەبێت کە لە منداڵییەوە خۆشم دەوێت."
 
بەپێی ماڵپەری ترانسفێر مارکێتی تایبەت بە بازاڕگەریی وەرزشی نرخی یانەی مانچێستەر یونایتد ئێستا دەگاتە 5 ملیار و 900 ملیۆن یۆرۆ و نرخی پێکهاتەی ئێستای تیپی تۆپی پێی یانەکەش دەگاتە 709 ملیۆن یۆرۆ.