مارادۆنا بووە یاریزانی یانەی نەورۆز

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی نەورۆزی بەشدار لە خولی نایابی عێراق، بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ کلاودیۆ مارادۆنای یاریزانی پیشەگەری بەرازیلی راگەیاند.
 
ماوەی گرێبەستی مارادۆنای بەرازیلی لەگەڵ یانەی نەورۆزی شاری سلیمانی تەنیا یەک وەرزە.
 
مارادۆنا کە لە هێڵی هێرشبردن یاری دەکات، بووە دووەم یاریزانی پیشەگەری بەرازیلی لە ریزەکانی یانەکەی شاری سلێمانیدا، دوای ماتیۆس لیمای بەرگریکاری بەرازیلی، کە لە یانەی کالداسی پۆرتوگالییەوە هاتبوو.
 
مارادۆنا تەمەن 28 ساڵ، هەروەها چوارەمین پیشەگەری بیانییە لە ریزەکانی تیپەکەدا، بەو پێیەی پێشتر نوێنەری شاری سلێمانی رێککەوتنی فەرمی خۆی لەگەڵ بەرگریکاری مالی، ئیدریسا تراورێی یاریزانی پێشووی نەوتی میسان تەواو کردبوو، هەروەها لەگەڵ یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یەمەنی، ئەیمەن ساڵح ئال هەجری، یاریزانی پێشووی یانەی ترسانەی میسریش گرێبەستی کردووە.
 
ئامادەكاریەكانی نەورۆز بۆ وەرزی داهاتوو چەند رۆژێك لەمەوبەر لە یاریگای زانكۆی سلێمانی دەستیانپێكرد، بەسەرپەرشتی وەلی كەریمی راهێنەری کوردی بەتوانا.
 
یانەی نەورۆز، وەرزی رابردوو، ئاستێکی باشی پێسکەش کرد و پلەی هەشتەمی لە ریزبەندیی گشتیی خولی نایابی عێراقدا گرتبوو، دوای ئەوەی توانی بەدرێژایی وەرزەکە 51 خاڵ کۆبکاتەوە.