یەکەم لێدوانی رۆناڵد کۆمان لەبارەی بوونە راهێنەری بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا لەدوای دۆڕاندنە مێژووییەکەی هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی کیکێ سیتێن، راهێنەری یانەکە دەستپێکرد و دەستبەرداری بوو، ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو یانەیە رۆناڵد کۆمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئەو پۆستە وەردەگرێت. ئەو راهێنەرە لە یەکەم لێدوانی ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو واژۆی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نەکات، خۆی بە راهێنەری ئەو یانەیە نازانێت.
رۆناڵد قسەی بۆ میدیاکان کرد و لە وەڵامی پرسیاری چوونی بۆ یانە ئیسپانییەکە، گوتی "بەڵێ، حەزدەکەم ببم بە راهێنەری بارسێلۆنا، بەڵام ئەوە کاتێک دەبێت کە گرێبەستەکە [لەگەڵ ئەو یانەیە] واژۆ دەکەم".
ئەو راهێنەرە دەشڵێت، "تاوەکو ئەو کاتە، ناتوانێت هیچی دیکە لەبارەی [رۆیشتنی بۆ بارسێلۆنا] بڵێت"، هەرچەندە حەزیش دەکات باسی بکات.
بەپێی راپۆرتەکان، گرێبەستەکەی رۆناڵد، لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا رێگەی پێدەدات پەیوەندی بە یانە کەتەلۆنییەکەوە بکات، بەڵام دوای پاڵەوانێتیی یۆرۆی ئەوروپای 2020. بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە ئەو پاڵەوانێتییە بۆ 2021 دواخراوە، بۆیە ئەو راهێنەرە بەدوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕێت.
راهێنەری "داهاتووی بارسا" ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەرییەکان بەخێرایی دەرناکەون، بەڵام ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی ئەم پۆستە وەربگرم، چونکە بارسێلۆنا تاکە یانەبوو لە مەرجی گرێبەستەکەمدا لەگەڵ هۆڵەندا هەبوو، دەزانم بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا شتێکی سەیرە، بەڵام چاوەڕواننەکراو نەبوو.
بەپێی نوێترین پێشهاتەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە کارەکانی گرێبەستی کۆمان تەواودەکرێن و ئەو راهێنەرە تاوەکو هاوینی 2022 گرێبەست لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە واژۆدەکات.