یاریزانێكی NBA ده‌بێته قوربانی سیاسه‌ت
رووداوی وه‌رزشی ـ DW
ماڵپه‌ڕی فۆرین پۆلیسی ئه‌مریكی راپۆرتێكی له‌سه‌ر یاریزانێكی باسكه‌ی توركی بڵاوكرده‌وه، كه له خولی NBAی ئه‌مریكی یاریده‌كات و نووسیویه‌تى "خێزانێكی توركیا حاشا له كوڕه‌كه‌ی ده‌كات، كه له خولی NBAی ئه‌مریكی یاری ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی لایه‌نگری فه‌تحوڵڵا گوله‌نی نه‌یاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئهدۆگانه".
به‌پێی ئه‌و ماڵپه‌ڕه دوای ئه‌و كوده‌تایه‌ی له توركیا شكستی هێنا، هه‌ڵوێستی زۆر له كه‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌كانى ئه‌و وڵاته هه‌رای هێنایه‌وه، یه‌كێك له‌وانه‌ش ئیناس كانته‌ری یاریزانى باسكه‌ی به‌ناوبانگی توركیایه، كه له خولى NBAی ئه‌مریكی یاریده‌كات و به‌ئاشكرا به‌رگری له فه‌تحوڵڵا گوله‌ن كرد‌و ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه كه گوله‌ن له‌پشت ئه‌و كوده‌تایه‌وه بێت، ئه‌مه‌ش ماڵباتی ئه‌و یاریزانه‌ی زۆر تووڕه‌كرد، تا ئه‌و رادده‌یه‌ی به ئاشكرا حاشایی له كوڕه‌كه‌یان بكه‌ن.
به‌پێی ماڵپه‌ڕی فۆرین پۆلیسی ئه‌مریكی، محه‌ممه‌دی باوكی ئیناس نامه‌یه‌كی له رێگه‌ی رۆژنامه‌ی دایلی سه‌باحی توركی بڵاوكردووه‌ته‌وه تێیدا به ئاشكرا حاشایی له كوڕه‌كه‌ی ده‌كات به‌هۆی هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كه‌ی و نووسیویه‌تى "ئیدی ئیناس كوڕی من نییه، چونكه ئه‌و به هه‌ڵوێست و ره‌فتاره نامۆهكانى ماڵباتی خۆی تووشی شه‌رمه‌زاری كردووه، به‌داخه‌وه شوێنكه‌وتووانى گوله‌ن فێڵیان لێكردووه‌و له‌خشته‌یان بردووه".
ئیناس، كه ئێستا بۆ یانه‌ى ئۆكلاهۆما ستی له خولی NBAی ئه‌مریكی یاری ده‌كات، له تویته‌ره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی "له‌مه‌ودوا ماڵباتی حاجی گوله‌ن ماڵباتی منه". پێشتریش رایگه‌یاندووه كه به‌چه‌ندین شێوه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه.