دوو یانەی عێراق بۆ گواستنەوەی سەرهەنگ موحسین لەسەر هێڵن

رووداو - هەولێر 

سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی دیاری کورد و یانەی برایەتی لە پەیوەندیکردن بە یانەیەکی خولی عێراق نزیکبووەتەوە.

ئیبراهیم ئەلنەسری، بەڕێوەبەری کارەکانی گۆڵپارێزەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ دوو یانەی بەغدا لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی سەرهەنگ پەیوەندی بە یەکێک لە یانەکان بکات و وەرزی داهاتوو لە خولی عێراق بەرگری لە گۆڵەکەی بکات.

بەپێی قسەی ئەلنەسری، گفتوگۆیەکان هەنگاوی باشیان بڕیووە و چەند وردەکارییەک ماوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتاییبدەن و گرێبەستەکە واژۆبکەن، بەڵام ناوی یانەکانی ئاشکرا نەکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لەو یانانەی داوای سەرهەنگ موحسینی کردووە، یانەی ئەمانە بەغدایە.

سەرهەنگ موحسین، ئەزموونێکی زۆری لە خولی عێراق هەیە، چوار نازناوی خولی عێراقی لەگەڵ یانەی هەولێر بردووەتەوە، لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی و یەکەمی عێراق یارییکردووە، گۆڵپارێزی یانەی شورتە بووە و ئێستاش گۆڵپارێزی یانەی برایەتییە.