لامپارد: بردنەوە لە ریال مەدرید بە جیاوازی 2 گۆڵ مەحاڵ نییە

رووداو دیجیتاڵ

فرانک لامپارد، راهێنەری یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە باوەڕی وایە لە تۆپی پێدا هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە، بۆیە مەحاڵ نییە بە جیاوازی دوو گۆڵ لە ریال مەدرید ببەنەوە. گوتیشی "بە بۆچوونی من دەتوانین یارییەکی باشتر لە یارییەکەی پێشوو ئەنجام بدەین".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی چێڵسی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا میوانداری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات، کە یاریی چوون بە بردنەوەی یانەی ئیسپانییەکە بە ئەنجامی 2-0 کۆتاییهاتووە.
 
فرانک لامپارد، راهێنەری یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "ئایا دەتوانین بە جیاوازی دوو گۆڵ ببەینەوە؟ من باوەڕم وایە لە تۆپی پێدا هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە، گومانم نییە تیپەکەمان تیپێکی رکابەرییە و شایەنی ئەوەین لەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکەدا بین، هەروەها دەزانین کە یاریزانانی تیپی بەرامبەر لە ئاستێکی زۆر بەرزدا یاری دەکەن".
 
راهێنەری کاتیی یانە لەندەنییەکە، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "بە بۆچوونی من دەتوانین یارییەکی باشتر لە یارییەکەی پێشوو ئەنجام بدەین، دەبێت ئەمجارە باشتر یاری بکەین بۆ ئەوەی چانسی باشترمان هەبێت و یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆماندا بگۆڕین، ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە ئێمە کاری بۆ دەکەین".
 
ئەو گوتیشی "هیوادارین بەرهەمی ئەو هەوڵە ببینین کە بۆ ئەو یارییە داومانە. بۆچوون و هەڵوێستی خۆمم بۆ یاریزانەکان روون کردووەتەوە و دەزانم دەتوانن زۆر شت بکەن، بەڵام دەبێت بە دروستی یاری بکەین و باشتر بین لەوەی هەفتەی رابروود کردمان".