رۆما لەسەر یاریگەی مارادۆنا دەبێتە میوانی ناپۆلی

رووداو دیجیتاڵ

بەخەیاڵی دوا بردنەوەوە کە لە ساڵی 2018دا بەدەستیهێناوە، رۆما دەچێتە یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناپۆلی. 
 
یاری نێوان هەردوو یانە جیا لە رەهەندە مێژووییە پڕ رکابەرییەکەی، دۆخی هەردوو یانە لە وەرزی ئەمساڵدا، رکابەرییەکی بەهێزتر دەخاتە سەر رکابەرییەکە.
 
رۆما لە چوار ساڵی رابردوودا، لە نێو یاریگەی یانەکەی باشووردا، هیچ کاتێک سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە، دۆخی ئێستای هەردوو یانە، رکابەریکردنی ناپۆلی لەسەر نازناوەکە و سەرقاڵبوونی رۆما بە هەردوو بەرەی نێوخۆ و کۆنفرانس لیگەوە، پێشبینیکردن بۆ دەرکەوتنی هەردوو یانە قورس دەکات.
 
ناپۆلی لە پلەی سێیەمی ریزبەندی ئێستای سێریا ئەیە و رۆماش لە پلەی پێنجەمە، ناپۆلی هەوڵی زۆر دەدات بۆ دانەبڕانی زیاتر لە ئینتەرمیلان و میلان کە لە پێشییەوەن، رۆماش لە رکابەرییەکی بەهێزدایە لەگەڵ یوڤێنستوس، بۆ بەدەستهێنانی کورسییەک لە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوودا.
 
ساڵانێکی زۆرە سێریا ئەی وەک ئێستا نەبووە، رکابەریی تێیدا لە لووتکەدایە و کەوتنی یوڤینتۆس و خراپ دەرکەوتنی لەسەرەتای وەرزەوە تائێستا، گۆڕەپانی ململانێیەکەی بۆ یانەکانی وەک میلان، ئینتەرمیلان و ناپۆلی خۆشکردووە لەپێناو رکابەریی لەسەر سکۆدیتۆ، لە کاتێکدا یوڤینتۆس خۆی سەرقاڵی ئەوەیە لە هەفتەکانی کۆتایی خولەکەدا سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووی لەدەستنەچێت.
 
وەک هەمیشە، بەریەککەوتنی نێوان ناپۆلی و رۆما، پڕ هەستەوەری و هەڵچوون دەبێت، یاری رابردووی نێوانیان لە نێو ئۆڵیمپیکۆ لە رۆمای پایتەخت، هەڵچوونی زۆری بەخۆوە بینی. رووداوە دراماتیکییەکان بوونە هۆکاری دەرکردنی راهێنەری هەردوو یانە لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکەدا.
 
بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو بۆ هەردوو یانە گرنگە، ئەگەر گرنگییەکە بۆ سپالێتی و یاریزانەکانی پەیوەندی بە رکابەریی نازناوەوە هەبێت و بۆ مۆرینیۆ و یاریزانەکانیشی پەیوەندی بەگەیشتنە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووەوە هەبێت. ئەوە خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا، بردنەوەی یارییەکی دیکەیە لە نێو ئەو ململانێ سەختەی لە نێوان دوو یانەدا هەیە، کە خۆیان بە سیمبولی ئیتاڵیا و سیمبولی شارەکانیان دەزانن، رۆما وەک ناوەندی بڕیار و سیاسەت لە وڵاتدا و ناپۆلیش وەک ناوەندەی ئابووری و داهات لە وڵاتدا.