ئەگەری هەیە بەرگریکارێکی ئینتەر 10 یاری سڕبکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی بەکارهێنانی وشەی رەگەزپەرستییەوە بەرامبەر یاریزانێکی یانەی ناپۆلی، بەرگریکارێکی ئینتەرمیلان ئەگەری هەیە سزایەکی قورس بدرێت. 
 
لە میانی یارییەکانی گەڕی 29ـی سێریا ئەی، یانەی ئینتەرمیلان میوانداریی ناپۆلی کرد و یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، خوان خیسۆسی یاریزانی ناپۆلی دەچێتە لای ناوبژیوان و ئاماژە بۆ فرانچێسکۆ ئاچێربیی بەرگریکاری ئینتەر دەکات و دەڵێت "ئەو پێیگوتم نی*رۆ"، کە وشەیەکی رەگەزپەرستییە بەرامبەر کەسی رەشپێشت بەکاردەهێنرێت.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، خیسۆس لەبارەی رووداوەکەوە گوتی "ئەوەی لە یاریگەدا روویدا، هەر لەوێ دەمێنێتەوە. ئەو (ئاچێربی) داوای لێبوردنی کرد و بابەتەکە کۆتاییهات. دوای ئەوەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکە لێدەدات، هەموو رووداوەکان لە دوای خۆمان بەجێدەهێڵین."
 
خیسۆس زیاتر دەڵێت "دەزانم ئاچێربی کەسێکی باشە، ئەو هەستی بەوە کرد کە لە سنوور لایداوە. ئاچێربی کەسێکی رۆشنبیرە، بۆیە هیوادارم لە هەڵەکانییەوە فێرببێت و جارێکی دیکە کاری لەو شێوەیە دووبارە نەکاتەوە."
 
بەپێی هەواڵەکان، لە ئەگەری بەردەستبوونی بەڵگەی پێویست، لەوانەیە ئاچێربی بەهۆی ئەو رووداوەوە بۆ 10 یاری سڕبکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگریکارەکەی ئینتەر کە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا کرابوو، بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە.