چوار کورد دەیانەوێت ئەمڕۆ ببنە پاڵەوانی ئاسیا

 
رووداو دیجیتاڵ

چوار یاریزانی کورد لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە بەردەم هەلێکی گەورە و مێژووییدان بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوانی جامی ئاسیا.
 
لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیای خوار 20 ساڵان، هەردوو هەڵبژاردەی ئوزباکستان، میوانداری پاڵەوانێتییەکە و عێراق لەسەر یاریگەی بونیودکۆر رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکە کاژێر 17:00 بەڕێوەدەچێت.
 
هەڵبژاردەی عێراق رۆژی هەینی دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بەشێوەیەکی زۆرباش خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقدا، چوار یاریزانی کورد یارییدەکەن و ئەمڕۆ لەبەردەم هەلێکی گەورە و مێژووییدان بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە نازناوی جامی ئاسیا ببەنەوە و ببنە پاڵەوان، ئەوانیش عومران زەکی، گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ، مستەفا قابیل و عەبدولقادر ئەیووب، یاریزانانی یانەی هەولێر و ئیسماعیل ئەحمەد، یاریزانی یانەی نەورۆزن.
 
عێراق خاوەنی 5 نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و دووەم هەڵبژاردەیە زۆرترین نازناوی بردبێتەوە، دوای هەڵبژاردەی کۆریای باشوور کە ئەمیان 10 نازناوی هەیە، بەڵام لە ساڵی 2000ـەوە عێراقییەکان نەبوونەتە پاڵەوان و دەیانەوێت ئەمڕۆ ئەستێرەی شەشەمیان بخەنە سەر درێسەکەیان.
 
هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوزباکستان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر یەکدی یارییانکرد، خاوەن یاریگە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا. عیماد محەممەد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "سوودمان لە هەڵەکانمان لە یاریی یەکەم وەرگرتووە و دەمانەوێت قەرەبووی بکەینەوە، لەکاتێکدا دەزانین ئوزباکستان تیپێکی بەهێزە و بە پشتبەستن بە هاندەرانی بە هێرشبەری یارییدەکات."
 
یاریی ئەمڕۆی عێراق و ئوزباکستان لە یاریگەیەک دەکرێت 35 هەزار هاندەر دەتوانن تێیدا ئامادەبن، نرخی بلیتی یارییەکە 70 دۆلارە، لە 40 کەناڵی جیهانەوە بۆ زیاتر لە 110 وڵات دەگوازرێتەوە و بەرپرسانی تۆپی پێی ئوزباکستان، عێراق و تۆپی پێی ئاسیا ئامادەی یارییەکە دەبن.