ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی ئێن بی ئەی تووشی کۆرۆنا بوو

رووداو - هەولێر

یانەی برۆکلین نێتسی بەشدار لە خولی باسکەی ئێن بی ئەی ئەمریکا، تووشبوونی چوار یاریزانی یانەکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، کە لەنێویاندا کیڤن دورانت، ئەستێرەی دیاری یانەکە و باسکەی ئەمریکای تێدایە.

ماڵپەری زە ئاتلێتیک بڵاویکردەوە، لەگەڵ ئەوەی یانەکە ناسنامەی یاریزانەکانی ئاشکرانەکردووە، بەڵام کیڤن دورانت یەکێک لە تووشبووانی نێو یانەکەیە، بەمەش رێژەی تووشبوونی یاریزانانی باسکەی ئەمریکا بۆ 7 یاریزان بەرزبووەوە.

بەپێی ماڵپەرەکە هۆکاری ئاشکرانەکردنی ناسنامەی یاریزانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یانەکە دەیەوێت یاریزانەکان دوور لە هەموو پاڵەپەستۆیەک چارەسەری پێویست وەربگرن و لەژێر چاودێریدابن.

کیڤن دورانت یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی باسکەی ئێن بی ئەیە، ساڵی 2014 وەک باشترین یاریزانی خولەکە دیاریکرابوو، بەڵام یاریزانەکە لەم وەرزەدا تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە بەشداریی لە یارییەکاندا نەکرد.

یاریزانە 31 ساڵەکە لە بارودۆخێکی باشدایە و هیچ ئاماژەیەکی نەخۆشییەکەی نییە، هەروەها پەیامێکی بۆ هاندەران نووسیووە و دەڵێت، پێویستە هەموومان وریابین، ئاگاتان لە خۆتان بێت، خۆتان کەرەنتینە بکەن و پێکەوە ئەم بارودۆخە تێدەپەڕێنین.

یانەی برۆکلین نێتس داوای لەسەرجەم یاریزانەکانی کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و ئاگایان لە تەندروستی خۆیان بێت تاوەکو ئەوەی یانەکە دەگەڕێتەوە بارودۆخی ئاسایی خۆی.