ناپۆلی سەرکێشییەکی گەورە دەکات پێش یارییەکەی بارسێلۆنا

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ناپۆلی دەیەوێت بڕیارێکی چارەنووسساز بدات پێش یارییەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ.
 
لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی، ناپۆلی روودی گارسیای لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوورخستەوە و واڵتەر مازاریی ئیتاڵی لە شوێنی ئەو دەستبەکاربوو. 

 

 
دوای کەمتر لە چوار مانگ لە دەستبەکاربوونی وەک راهێنەری یانە ئیتاڵییەکە، بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەڤان ماتیۆ مۆرێتۆ، یانەی ناپۆلی دەیەوێت جارێکی دیکە راهێنەرەکەی بگۆڕێت و مازاری لە کارەکەی دووربخاتەوە. 
 
ناپۆلی بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت، یانە ئیتاڵییەکە وەرزی رابردوو توانی نازناوی سێریا ئەی بباتەوە، بەڵام لەم وەرزەدا ئاستی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بە 36 خاڵ پلەی نۆیەمی خولەکەی گرتووە.
 
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، کە رۆژی چوارشەممە، یارییەکی چارەنووسساز چاوەڕێی ناپۆلی دەکات، کاتێک لە یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا میوانداری یانەی بارسێلۆنا دەکات لە میانی یارییەکانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارساش رایگەیاندووە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت.