ئامادەکاری بۆ رێوڕەسمی کۆتایی کەنداو 25 کراوە و عێراقییەکان بۆ ئاهەنگی سەرکەوتن ئامادەن
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی رێکخستنی پاڵەوانێتی کەنداو 25 لە پارێزگای بەسرە، هەموو ئامادەکارییە هونەرییەکانی خۆی بۆ سازکردنی رێوڕەسمی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کردووە، کە سبەی پێنجشەممە یاریی کۆتایی لەنێوان عێراق و عومان بەڕێوەدەچێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت جەماوەرێکی زۆر ئامادەی یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بێت بۆ پاڵپشتیکردن و هاندانی هەڵبژاردەی شێرەکانی رافیدەین بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
هەڵبژاردەی عومان بلیتی یاریی کۆتایی جامی کەنداوی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بە ئەنجامی 1-0 لە هاوتا بەحرەینیەکەی، پاڵەوانی وەشانی رابردووی بردەوە، کە هەڵبژاردەی عێراقیش دوای ئەوەی لە قۆناخی پێشکۆتاییدا 2-1 لە قەتەری بردەوە، سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی.
دوای 44 ساڵ ئەمە یەکەمجارە عێراق میوانداری پاڵەوانێتییەکە دەکات لەو کاتەوەی لە ساڵی 1979 میوانداری وەشانی پێنجەمی کرد لە بەغدا و نازناوەکەشی بردەوە.
عێراقییەکان سووربوون لەسەر ئەوەی پاڵەوانێتییەکی جوان لە بەسرە پێشکەش بکەن، کە بە ئەنجامدانی رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە هەمووانیان سەرسامکرد، ئێستاش ئامادەن بۆ ئەوەی کۆتاییەکەش وەک سەرەتایەکە بە جوانی ئەنجام بدەن.
لیژنەی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە ئامادەکاری تەکنیکی بەرفراوانی بۆ رێوڕەسمی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە بەسرە ئەنجام داوە، لە کاتێکدا کۆمپانیای گشتی بۆ وەبەرهێنانی وەرزشی دەستی بە سەرپەرشتیکردنی راستەوخۆی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی هۆتێلەکان لە شاری وەرزشی کردووە، بە ئامانجی دابینکردنی کەشێکی گونجاو بو ئەو شاندە فەرمیانەی بەشدارییان لە رێکخستنی 25ـەمین پاڵەوانێتی کەنداودا کردووە.
لە کۆی هەشت باڵەخانەی هۆتێل، دووانیان بەتەواوی نۆژەن و ئامادەکراون بۆ پێشوازیکردن لە میوانان، کە هەموو خزمەتگوزاری و پێداویستییە گونجاوەکان دابین و فەراهەمکراون.
نێردراوی رووداو لە بەسرە، رایگەیاند لەم دوو رۆژەی بەر لە یاریی کۆتایی ژمارەیەکی زۆر هاندەر لە شارە جیاجیاکانی عێراقەوە روویان لە بەسرە کردووە، بۆ ئەوەی ئەگەر لە نێو یاریگەشدا جێگەیان نەبێتەوە، لە نزیکەوە بینەری بردنەوەی نازناوەکە بن، کە عێراقییەکان گەشبینن و متمانەیان بە یاریزانەکانیان هەیە ئەم نازناوە ببەنەوە
لە سویسرا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دووپاتیکردەوە کە عێراق هەوڵیداوە جامی کەنداو 25 بەکاربهێنێت بۆ کۆکردنەوەی برایانی کەنداو.
نێردراوی رووداو بۆ داڤۆس، رایگەیاند، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی فەیسەڵ بن فەرحان کۆبووەوە و جگە لەوەی باسیان لە دۆخی ناوچەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، باسیان لە هەوڵەکانی عێراقیش بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کەنداو بە گشتی و پەیوەندییەکانی عێراق و سعودی بەتایبەتی کرد و حوسێن دووپاتیکردەوە کە عێراق جگە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هەوڵیداوە کەنداو 25، کە لە شاری بەسرە بەڕێوەدەچێت، وەک بۆنەیەک بۆ کۆبوونەوەی برایانی کەنداو لە عێراق بەکاربهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە میدیای عێراق رایگەیاند، ماجد ئەلموهەندس، گۆرانیبێژی بەنیوبانگی عێراقی، بەشداری لە رێوڕەسمی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەکات و ئەم هەواڵە دڵی عێراقییەکانی خۆشکردووە، چونکە ماجد خاوەنی هەوادارێکی زۆرە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتە عەرەبییەکان، بەڵام زۆر لە عێراقییەکان لەوە دەترسن سیناریۆی کازم ساهیر دووبارە ببێتەوە، کە تاوەکو رۆژی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە دووپاتکرایەوە کە ئەو گۆرانیبێژە عێراقییە بەشداری دەکات و گۆرانی کردنەوەی کەنداو 25 دەڵێت، بەڵام دواتر ئەوە رووینەدا و ساهیر بەشداری نەکرد.