ڤیدیۆ؛ دانی ئەلڤێش: خەونی من لە بارسێلۆنا کۆتاییدێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەفەرمی دانی ئەلڤێش، یاریزانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند و درێسی ژمارە 8ـی دایە یاریزانەکە.
 
ئەلڤێش بەپێی پەتی چووە نێو یاریگەی کامپ نو و لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەنێو یاریگەدا واژۆی لەسەر گرێبەستە نوێیەکەی کرد و درێسی ژمارە 8ـی پێدرا.
 
دانی ئەلڤێش، روویکردە هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا و پێیگوتن، " ئەگەر بیرتان بێت کە دوایینجار مایکەکەم لێرە گرت، نەمدەزانی کەی جارێکی دیکە ئەم خەونە کۆماندەکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ خەونەکە بووەوە راستی و ئەم گەشتەی من لێرە کۆتاییدێت."
 
ئەلڤێش زیاتر گوتی " لەو کاتەوەی لە یانەکە رۆیشتووم تاوەکو ئێستا هیچ شتێک نەگۆڕاوە، من یەکێکم لە ئێوە، ڤیسکا بارسا، ڤیسکا کەتەلۆنیا."
 
یاریزانە بەرازیلییەکە دەڵێت " زۆر شت لە ژیاندا دەگۆڕێن و پێشتر زۆر شت گۆڕاون، ئەمڕۆ بۆ من زۆر خۆشە، شتێک کە بۆ من ناگۆڕێت، ئەوەیە کە هیچ رێگەیەکی دیکەم نییە جگە لەم رێگەیە بۆ ئەوەی پێی بێمە نێو یاریگە."
 
بەرگریکاری پێشوو و ئێستای بارسێلۆنا گوتی " ژوورێکی جلگۆڕینی زۆرباشمان هەیە، خاوەنی یاریزانی لاوین کە خواستی زۆریان هەیە، دەمەوێت ئێمە بەهێزتربین و جارێکی دیکە بارسێلۆنا گەورە بگەڕێنینەوە و بۆ ئەو ئامانجە هاتووم، دڵنیام هەموومان بەیەکەوە لەپێناو ئەم یانەیەدا تێدەکوشین کە زیاترە لە یانەیەک."
 
لەبارەی وەرگرتنی درێسی ژمارە 8 لە یانەکەدا، دانی ئەلڤێش گوتی " لەپێناو ستویچکۆڤ و ئینێستا، موڵەت لەو دووانە وەردەگرم بۆ وەرگرتنی ئەم ژمارەیە و دەبێت بەدرێژایی ژیان رێزی بگیرێت."
 
دانی ئەلڤێش چەند رۆژێک لەمەوبەر، وەک یاریزانێکی ئازاد پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆناوە کرد، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ساوپاوڵۆی بەرازیلی هەڵوەشاندەوە.