ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ چوارشەممە یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بە بەڕێوەچوونی چوار یاری لە یاریگە جیاکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. 
 
یانەی دەربەندیخان میوانداری یانەی شەقڵاوە دەکات، دەربەندیخان ئاستێکی مامناوەندی پێشکەشکردووە دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوون لەگەڵ دوو دۆڕانی هەیە تیپەکە بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییە، هەرچی یانەی شەقڵاوەیە گیرۆدەی ئەنجامە خراپەکانیەتی بەشێوەیەک چوار یاری دۆڕاوە و سەرکەوتنێک و یەکسانبوونێکی هەیە تیپەکە بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ لە پلەی چواردەی ریزبەندە. 
 
لە دەڤەری گەرمیان یانەی شیروانە رووبەڕووی یانەی سەیدسادق دەبێتەوە، چاوەڕوانی یارییەکی پڕ هاندەر دەکرێت، یانەی شێروانە پاڵەوانی جامی کوردستان تەنیا یارییەکی لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان بردووەتەوە و دەیەوێت سێ خاڵی یارییەکە پێشکەشی هاندەرانی بکات، بەڵام ئەرکی قورسە و یانەی سەیدسادق میوانە نوێیەکەی خولەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە بەشێوەیەک یازدە خاڵی هەیە و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندە. 
 
لە شاری سلێمانی یانەی نەورۆز شەڕی یانەی زاخۆ دەکات، نەورۆز سێ بردنەوە و سێ دۆڕانی هەیە و هیچ یەکسانبوونێکی نییە لەم یارییەدا درێس سوورەکانی نەورۆز تینووی سێ خاڵن، بەڵام کوڕانی خابوور بەدروشمی سەرکەوتن روویان لە پایتەختی رۆشنبیری کردووە، هەردوو تیپ نۆ خاڵیان هەیە و زاخۆ لە پلەی حەوتەم و نەورۆز لە پلەی هەشتەمی ریزبەندە. 
 
دواین یاریش رکابەری یانەی سۆران و یانەی هەولێرە، سۆران بەپاڵپشتی هاندەرە سەرسەختەکانی دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی گەڕی رابردووی بکاتەوە و ئاهەنگی سەرکەوتن بگێرێت، هەولێریش برینداری ئەنجامە خراپەکانیەتی و لەم یارییەدا یونس سلێمانی راهێنەری رۆژئاوای کوردستان سەرکردایەتی تیپەکە دەکات، هەر بۆیە چاوەڕوانی یارییەکی بەهێز دەکرێت.