ڤیدیۆ؛ چامپیۆنزلیگ گەڕایەوە و کوردێک دەیەوێت لەنێو بێرنابیۆدا مێژوو تۆماربکات

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات و ئەورووپا و تەنانەت جیهانیش بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم رۆژە بوون، لە هەموو ساڵێک ئەو پاڵەوانێتییە چێژ بە جیهان دەبەخشێت، بەڵام ئەمڕۆ بۆ کورد رۆژێکی مێژووییە، چونکە یاریزانێکی کورد لەو پاڵەوانێتییە گەورەیەدا بەرامبەر ریال مەدرید یاری دەکات.
 
ئەوەی باسی دەکەین، دێنیز ئونداڤ، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی شتوتگارتی ئەڵمانییە، کە ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یەکەم گەڕی چامپیۆنزلیگدا بە وەشانە نوێیەکەی، دەبێتە میوانی ریال مەدرید لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا.
 
بێگومان هەموو کوردێک لەسەرانسەری جیهاندا، ئەمڕۆ هاندەری ئونداڤە و هیوا دەخوازێت لەنێو مەدریددا مێژوو تۆماربکات، کە خۆیشی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکدا گوتی "هەموو یاریزانێک هیوا دەخوازێت لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا بەرامبەر ریال مەدرید یاری بکات، کە هەر بە باشترین یانەی جیهان دەمێنێتەوە".
 
ریال مەدرید - شتوتگارت
 
پاش بردنەوەیەکی دیکەی بەزەحمەت و دڵنیایی نەبەخش بەهاندەرەکانی، ریال مەدرید یەکەم هەنگاو لە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەیدا دەنێت و سەرەتای رێگەیەکی درێژ بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ژمارە 16ـی چامپیۆنزلیگ دەگرێتە بەر.
 
ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگی وەرزی نوێ و سیستم نوێدا و لە یەکەم یاریی خۆیدا میوانداریی شتوتگارتی ئەڵمانی دەکات. کێشەی ریال مەدرید هێندەی پێکرانی زۆر یاریزانەکانیەتی، هێندە هێز و توانای تیپە رکابەرەکەی نییە.
 
بەر لە یارییەکە و لە دوایین مەشقی تیپەکەدا، هەریەکە لە ئیدێر میلیتاو، داڤید ئالابا، ئێدواردۆ کاماڤینگا، دانی سیبایۆس و ئیبراهیم دیاز بەشدارییان لە مەشقەکاندا نەکردووە و لە یارییەکەدا دەرناکەون. گەڕانەوەی جود بێلینگهام و ئامادەیی چوامینیش گومانی لەسەرە.
 
کیلیان ئێمباپێ کە یەکەم یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە لە چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدات، بەڵێنی بەهاندەرانی یانەکەیداوە ئاستێکی زۆر باشتر پێشكێش بکات و ئەو ئەستێرەبێت کە هاندەران چاوەڕێی دەکەن.
 
کیلیان کە لە دوایین یاریی تیپەکەدا بەلێدانی سزا گۆڵی کردووە، دەیەوێت لە قۆناخە نوێیەکی ژیانیدا لەگەڵ پاشای چامپیۆنزلیگ، یەکەم گۆڵ تۆمار بکات و سەرەتای رێگەکە بەرەو نازناوی شانزە لەگەڵ ریال مەدرید بگرێتە بەر.
 
شتوتگارت کە وەرزی رابردوو بەهۆی ئاستی ناوازەیەوە لە بۆندێلسیگا، ئەمساڵ خۆی لە چامپیۆنزلیگ دەبینێتەوە، سەرەتای ئەمساڵی نموونەیی نەبوو. تیپەکە لە ئەڵمانیا لە سێ یاریدا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، شکستێک و دۆڕانێکیش ئەنجامەکانی دیکەی یانەکە بوون.
 
سەرنجڕاکێش لە یارییەکەی ئەمشەودا رووبەڕووبوونەوەی دێنیز ئونداڤی هێرشبەری کوردی یانەی شتوتگارتە لەگەڵ ئەستێرەکانی ریال مەدرید، کە هەریەکەیان هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی یەکەم سێ خاڵی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، بۆ تیپەکانیان دەدەن.
 
 
دێنیز ئونداڤ:
 
دێنیز ئونداڤ، یاریزانە کوردەکەی یانەی شتوتگارت، لەگەڵ راهێنەرەکەی ئامادەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە بوو، و قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیەتی:
 
من بەتەنیا لە بەرامبەر رودیگێر یاری ناکەم، بەڵکو بەرامبەر تەواوی ریال مەدرید یاری دەکەم، بەڵام راستە من رودیگێر دەناسم و دەزانم خاڵە بەهێز و خاڵە لاوازەکانی چین، بە یاریزانانی تیپەکەم گوتووە کە ئازار دەچێژن بەدەست ئەوەوە، بەڵام نابێت هیچ کارتێکی زەرد یان سوور وەربگرین بەهۆی ئەوەوە.
 
من تاوەکا ئێستا لە دژی جود بێلینگهام یاریم نەکردووە، بەڵام هاوڕێکانم کردوویانە، ئەوان باش دەزانن ئەو یاریزانێکی چەند باشە، چونکە لە بوندێسلیگا لەگەڵ ئەو یارییان کردووە، هیچ رێگەیەک نییە بۆ وەستاندنی بێلینگهام، ئەوە مەحاڵە، ئەو یاریزانێکی ناوازەیە و هەموو چرکەیەک بیری لای یارییەکەیە، بیری لای هەموو یاریزانەکانە نەک تەنیا خۆی، ئەو وەک هەموو یاریزانەکانی ریال مەدرید وایە.
 
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و دووپاتیکردەوە کە شتوتگارت تیپێکی زۆر باشە، کە ئەمە پوختەی قسەکانیەتی:
 
شتوتگارت کە لێرە یاری دەکات، مانای ئەوەیە راهێنەرەکەیان کاری نایابی کردووە، ئەوان تیپێکی زۆر باشن، زۆر باش رێکخراون، ئەو یارییەی لێرە دەیبینن زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت.
 
ئەگەر ئەوانەی بڕیار بەدەستی تۆپی پێن، ئەوانەی بڕیارەکان دەدەن، نەگەنە ئەو ئەنجامەی یاریزانەکان تووشی پێکانی زۆر دەبن، چونکە یاری زۆر دەکەن، ئێمە کێشەمان نییە، داواکاریی من ئەوەیە بوەستن و بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن یاری دەکەن، ئایا دەتوانین یاری کەمتر بکەین، لە کاتێکدا رکابەری سەرنجڕاکێشترمان هەیە.
 
ئێمە یاریزانی زۆر گرنگمان لەدەستداوە، ناچۆ و کرووس، هەروەها خوسێلۆ، بەڵام ئەو سێ یاریزانە رۆیشتن و باشترین یاریزانی جیهان جێگەی گرتنەوە، کە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان و پێموایە پێکهاتەی ئێستامان لە پێکهاتەی ساڵی رابردوو باشترە.