یانەی کارەبا بۆ رووداو: وەلی کەریم بۆ دوو وەرز بووە راهێنەری یانەکەمان

رووداو هەولێر

یانەی کارەبا بەشێوەیەکی فەرمی ئەرکی راهێنەرایەتی تیپی تۆپی پێی یانەکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، دایە وەلی کەریمی راهێنەری کورد. یانەکەی شاری بەغدا، بە رووداوی گوت "وەلی کەریم بۆ ماوەی دوو وەرز روهێنەری یانەکەیان دەبێت".
 
گرێبەستی وەلی کەریم، راهێنەری کورد لەگەڵ یانەی کارەبا بۆ ماوەی دوو وەرزە، هەریەک لە پرسیار عەبدوڕەزا و هەیسەم موتعەب وەک یاریدەدەری دەبن و هەیسەم خەلیل راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەکە دەبێت.
 
بەپێی رێککەوتنی یانەی کارەبا و وەلی کەریم، بڕیارە سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ وەلی کەریم، سەرپەرشتی ئامادەکارییەکانی یانەکە لە شاری بەغدا بکات، بەرپرسانی یانەی کارەبا راهێنەرەکەیان سەرپشک کردووە لە هێشتنەوەی یاریزان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی تیپەکەدا.
 
خەیام خەزرەجی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی یانەی کارەبا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "هیوایەکی گەورەمان بە کاپتن وەلی کەریم وەک راهێنەرێکی بە ئەزموون هەیە، بەرپرسانی یانەکەمان ئەنجامەکانی رابردووی ئەو راهێنەرەیان لەبەرچاو گرتووە و هەموو ئاسانکارییەکی لایەنی ماددی و دەروونی بۆ دەکەن".
 
وەلی کەریم، وەک راهێنەر توانی یانەی نەورۆز بگەیەنێتە ریزی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە وەرزی رابردوودا تاوەکو گەڕەکانی کۆتایی خولەکە راهێنەری یانەکە بوو، بەڵام لە بڕیارێکی کتوپڕدا ماڵئاوایی لە یانەی نەورۆز کرد.
 
یانەی کارەبا، وەرزی رابردوو تیپەکەی لەژێر سەرپەرشتی لوئەی سەڵاحی راهێنەر بوو، دوای تەواوبوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەکۆکردنەوەی 41 خاڵ لە پلەی سێزدەمی ریزبەندیی خولەکە بوو.
 
کارەبا یانەیەکی نوێی شاری بەغدایە، ساڵی 2001 دامەزراوە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی عێراق پاڵپشتی دارایی یانەکە دەکات.