دەبێ ئەمساڵ هەمووان لە تۆپچییەکانی لەندەن بترسن
رووداو دیجیتاڵ
وەرزی رابردوو لە چی کەم بوو؟ بۆچی نەیتوانی نازناوەکان بباتەوە؟ ئەم وەرزە هەموو کەموکوڕییەکانی پڕ دەکاتەوە، لە کوێدا کێشەی هەبێت، ئەوێ چارەسەر دەکات، ئەمە رووکاری یانەی ئارسیناڵە لەم هاوینەدا.
بودجەی یانەی ئارسیناڵ لەم هاوینەدا زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆیە بەبێ فرۆشتنی هیچ یاریزانێک، بەڵام بەپێی ئەو پلانەی کە یانەکە دایناوە، ئەگەر چوار یاریزان بفرۆشن، ئەوا دەتوانن 300 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکەن، ئەمەش یانەکە لە قۆناخێکی باشەوە دەباتە باشتر.
ئەوەی بۆ ئارتێتا دەکرێت کەم نییە، ئەوەندەی ئارام لەسەر ئەم راهێنەرە گیراوە جێگەی سەرنجە، ئاخر ئەو چوار ساڵە لەم یانەیە تەنیا دوو نازناوی بەدەستهێناوە، زیاتر لە 685 ملیۆن یۆرۆی بۆ خەرجکراوە و داوای هەر یاریزانێکیشی کردبێت بۆیان هێناوە یان شوینگرەوەیەکیان بۆ دیاری کردووە.
ئارسیناڵ و ئارتێتا وەرزی رابردوو زۆر نزیکبوون لە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ، بەڵام لە کۆتاییدا بەر لافاوی مان سیتی کەوتن، لەگەڵ ئەوەشدا توانیان ئامانجەکەیان بپێکن کە گەیشتنەوەبوو بە چامپیۆنزلیگ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکیان بۆ وەرزی داهاتوو قورستر دەبێت، چونکە وەرزی رابردوو لە کۆی چوار پاڵەوانێتی و نازناو، هەمووانی کردە قوربانیی پرێمەرلیگ و ئەویشی لەدەستدا، بۆ ئەم وەرزە کە لە چامپیۆنزلیگ یاری دەکات، ئاسان نییە، رکابەرەکانی لەم وەرزەدا تووندئاژۆترن لەوەی پێشتر، ئەم وەرزە وەرزی هەستانەوەی لیڤەر و یونایتد، چێڵسی و تۆتێنهام دەبێت، وەرزێک دەبێت کە رکابەرێكی نوێ و سەرسەختی وەک نیوکاسڵ حەزی بۆ هەڤڕی زیاد بووە.
گەنەرز لەم هاوینەدا هەرزوو دەستی خۆی وەشاند، توانی کای هاڤێرتز لە چێڵسییەوە بگوازێتەوە، هاڤێرتز بووە دووەم گرانترین گرێبەستی ئارتێتا کە 75 ملیۆن یۆرۆ بوو.
دواتر لە گرێبەستێکی مێژوویی و گەورەدا، دێکلان رایسی لە وێستهامەوە هێنا، نرخەکەی 115 ملیۆن یۆرۆ بوو، بووە گرانترین یاریزانی مێژووی ئارسیناڵ، ئەو یاریزانە شوێنی گرانێت ژاکا دەگرێتەوە کە لەم هاوینەدا لە ریزەکانی گەنەرز رۆیشت.
ئارسیناڵ لەم هەفتەیەدا گرێبەستی سێیەمیشی راگەیاند کە یورین تیمبەری هۆڵەندی و بەرگریکەری پێشووی یانەی ئایاکس بوو، نرخی تیمبەر 40 ملیۆن یۆرۆ بوو.
ئێستا ئارسیناڵ چەند یاریزانێکی دیکەی خستووەتە نێو رادارەکانییەوە، لە نموونەی رۆمیۆ لاڤیای بەلجیکی، جولیان ئالڤارێزی ئەرجەنتینی و ئۆرلیێن چوامینیی فەرەنسی، بەڵام ئەگەر هیچ یاریزانێک نەفرۆشن، ئەوا بازاڕی گواستنەوەی گەنەرز دادەخرێت.
ئەوانەی کە لە لیستی فرۆشتنەکانی ئارسیناڵدان ئەمانەن، فلۆریان بالۆگون، جۆرجینیۆ، ریس نێڵسن، ئەلبێرت لۆکۆنگۆ، تۆماس پارتی و کێران تێرنین.
هەر لەم هاوینەدا یانە ئارسیناڵ دەستبەرداری گرانێت ژاکا، پابلۆ ماری و مایلاند نایلس بوو.