یونس مەحموود: رووداو لای عێراقییەکان خۆشەویستە
رووداو دیجیتاڵ
یونس مەحموود، جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، دووپاتیکردەوە کە ئەوان ئێستا لە توانایاندا نییە میوانداری پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بکەن، بەڵام دەیانەوێ میوانداری پاڵەوانێتی عەرەب بکەن و گوتی "یاریگەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەگەڵ یاریگەکانی بەغدا باشن بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتی عەرەب".
یونس مەحموود بەمشێوەیە قسەی بۆ رووداو کرد:
سەرەتا سوپاس بۆ رووداو کە بەردەوام لە هەموو شوێنێک بوونتان هەیە و کەناڵێکی خۆشەویستە لە لایەن خەڵکی عێراق بەهۆی گواستنەوەی هەموو هەواڵەکان ئەمەش شتێکی جوانە و لە کەناڵە باشەکانی عێراقە، هاتنم بۆ شاری هەولێر بەهۆی گەشتێکی خێزانییە بۆ ئەم شارە و یاریی هەولێر و نەجەف هەبوو هاتووم چێژ لەو یارییە خۆشە وەربگرم.
بەدڵنیاییەوە خولی پیشەگەرانی عێراق شتێکی گرنگە لە رووی کێبرکێ و ململانێ، بۆ ئاستی تۆپی پێی عێراقیش گرنگە، ئومێدم وایە وەرزی داهاتوو هەموو خاڵەکانی خولەکە لەگەڵ یانەکان جێبەجێ بکەین، پێموایە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئێمە پێویستمان بە پاڵپشتی هاندەران و دەزگاکانی راگەیاندنە.
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بۆ جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە ئەوروپا بەردەوامی دەبن، مانگی نۆ بەشداری دەکەین لە جامی شای تایلەند کە ژمارەیەک هەڵبژاردە بەشداری تێدا دەکەن، لە مانگی دە بەشداری لە پاڵەوانێتیەکی دیکە لە ئوردن دەکەین، کە عێراق، قەتەر و ئوردن لەگەڵ ئێران بەشدارن، دواتر دەچینە نێو یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا و چاوممان لە ئەنجامێکی گەورەیە، ئێمە بەردەوام دەگەینە قۆناخی پێشکۆتای، هیوام وایە ئامادەکارییەکان ببنە هۆی ئەنجامێکی باش.
ئێستا زەحمەتە بتوانین میوانداری جامی نەتەوەکانی ئاسیا بکەین، دەمانەوێت پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب میوانداری بکەین، بەشێوازی سێ کۆمەڵە کە لە باکووری عێراق و بەغدا و باشوور یارییەکان ئەنجام بدرێن، یاریگەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی لەگەڵ بەغدا و بەسرە باشن، دەتوانین سەرکەوتن بەدەستبهێنین لە بەڕێوەبردنی یارییەکان، بەڵام جامی ئاسیا و پێوەرەکانی قورسن جارێ ناتوانین میوانداری بکەین.