سەمەرەکانی مێژوو: یاریزانانی فاینۆرد بۆچی جلشۆریان وەرگرتبوو ؟


رووداو-هەولێر 

سەمەرەکانی مێژوو بڕگەیەکی نوێی بەشی وەرزشی پۆرتاڵی رووداوە کە هەر جارەو بەبابەتێکی نەزاندراو و سەیر باس لە یەکێک لە رووداوەکانی مێژووی تۆپی پێ یانیش وەرزش بەگشتی دەکات.

لەم بابەتە باس لەو خەڵاتکردنە سەیرە دەکەین کە کۆمپانیایەکی فرۆشتنی کەلوپەلی ئەلیکترۆنی خەڵاتی یانەی فاینۆرد رۆتێردامی کرد بە پێدانی جلشۆر بە هەموو یاریزانەکان.

لە یاری کۆتایی جامی ئەوروپا کە ئێستا بووە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یاریگای سانسیرۆ لە میلانۆ باوەشی بۆ هەردوو یانەی فاینۆرد رۆتێردامی هۆڵەندی و سێڵتیکی سکۆتلەندی کردەوە، یارییەکەش بە سەرکەونتی یانە هۆڵەندییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتاییهات.

لە دوای یارییەکە و دوای ئەوەی یانە هۆڵەندییەکە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، یەکێک لە کۆمپانیا ئەلیکترۆنییەکان وەک رێزلێنانێک لە تیپەکە یاریزانەکان، بۆ هەر یەکێک لەو یاریزانانە جلشۆرێکیان بە دیاری پێدا، ئەمەش بووە مایەی دڵخۆشی یاریزانەکان چونکە لەو کاتەدا جلشۆری ئۆتۆماتیک زۆر کەمبوو، وەک خەڵاتێکی بەبەهاش سەیری دەکرا.

بەبەراورد بە دیارییەکانی ئەم سەردەمەش، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو یانەی لیستەر سیتی بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ، سەرۆکی یانەکە بۆ هەر یاریزانێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیوی دوایین مۆدێلی بەخشی بە یاریزانەکانی .