ئەردۆغان ئامادەی یاریی تورکیا و وێڵز بوو
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی تورکیا تاوەکو ئێستا یەکێک لە خراپترین هەڵبژاردە بەشدارەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2020ـە، بەڕێژەی زۆر ئەو هەڵبژاردەیە هەلی گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی نەماوە.
تورکیا لە دووەم یارییدا لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆدا و لە کۆمەڵەی یەکەمدا، لە یاریگەی باکوی ئۆڵیمپی لە ئازەربایجان بەرامبەر هەڵبژاردەی وێڵز یارییکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاوژینەکەی، هاوشانی ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و ئیلهام ئالیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان ئامادەی یارییەکە بوون، بەڵام یاریزانانی تورکیا نەیانتوانی سەرۆکەکەیان دڵخۆشبکەن و سێ خاڵی دیکەیان لەدەستدا.
لە یارییەکەدا هەرچەند رێژەی 63٪ کۆنترؤلی تۆپ بەدەست هەڵبژاردەی تورکیاوە بوو و یاریزانەکانی 18 لێدانیان هەبوو کە 6 لێدانیان بۆ گۆڵ بوو، بەڵام هیچ یەکێک لە هەوڵەکانیان نەبووە گۆڵ و یارییەکەیان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند.
لە خولەکی 42ـی یارییەکەدا گارێس بەیڵ پاسێکی دایە ئارۆن رامزی، ئەو یاریزانەش دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و وێڵزی بە گۆڵێک پێشخست.
لە نیوەی دووەمدا هێرشەکانی هەڵبژاردەی وێڵز بۆ سەر گۆڵی تورکیا بەردەوامبوون، لە ئەنجامی گوشاری هەڵبژاردەکەدا لێدانێکی سزا بۆ گارێس بەیڵ هەژمارکرا، بەڵام ئەستێرەکەی ریال مەدرید کە بەخواستن لە تۆتێنهام یارییدەکات هەلی تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی لەدەستدا، بەمەش بەیڵ لە دوای ساڵی 2000ـەوە دوای رائول گۆنزالێس بووە یەکەم یاریزان لێدانی سزا لەدەستبدات.
لە خولەکی 95 گارێس بەیڵ ئاسیستێکی دیکەی کرد و کۆنۆر رۆبێرتس گۆڵی دووەم و یەکلاکردنەوەی یارییەکەی بۆ هەڵبژاردەی وێڵز تۆمارکرد.
بەم بردنەوەیە وێڵز بووە خاوەنی 4 خاڵ، تورکیا لە دوو یاریی لەسەریەک دۆڕاوە، هەڵبژاردەکە هیچ خاڵێکی نییە و هیچ گۆڵێکیشی تۆمار نەکردووە، بەمەش بارودۆخی هەڵبژاردەکە خراپە و ئەگەری سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی یۆرۆ زۆر کەمە.
سەرۆککۆماری تورکیا، بە کەسایەتییەکی وەرزشی دەناسرێت، چەندینجار لە یارییە گرنگ و هەستیارەکان لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی تورکیا و یانەکانی وڵاتەکەی لە یاریگەدا ئامادەبووە، جگە لەوەی کە خۆیشی چەندجارێک لە یاریی نمایشکاریدا بەشدارییکردووە، ئەو بۆ بینینی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئازەربایجان لە یاریگەدا ئامادەبوو، بەڵام تورکیا دووەم یاریی لەسەریەکی دۆڕاند.
تورکیا لە یارییەکانی یۆرۆی 2020 لە کۆمەڵەی یەکەم یارییدەکات، دوای ئیتالیا، وێڵز و سویسرا بەبێ کۆکردنەوەی هیچ خاڵێک لە پلەی چوارەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە.