ڤیدیۆ راپۆرت؛ ژاپۆن بۆ کۆپا ئەمێریکا سوپرایزی پێیە


رووداو - هەولێر

پاڵەوانی دوو وەشانی رابردووی کۆپا ئەمێریکا، یەکەم وێستگەی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا، بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆنی میوانی پاڵەوانێتییەکە و دووەمی کیشوەری ئاسیا ئەنجامدەدات، لەپێناو هاوێشتنی هەنگاوی یەکەم بۆ بەرگریکردن لە نازناوەکەی و هەنگاونان بۆ بردنەوەی سێیەم نازناوی لەسەریەک.

ئەم یارییە دوایین یاریی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکان دەبێت و کاژێر 2:00ـی بەرەبەیان، لەسەر یاریگەی مۆرومبی لە ساوپاڵۆ هەردوو هەڵبژاردە رکابەری لەسەر بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن.

لارۆخا بە پشت بەستن بە تواناکانی ئەلێکسیس سانچێز، ئارتورۆ ڤیدال و ئیدواردۆ ڤارگاس، گۆڵکاری وەشانی رابردووی پاڵەوانێتییەکە بە 6 گۆڵ، چاوی لەوەیە لە یەکەم دەرکەوتنیدا پلانەکانی ریناڵدۆ رویدا بەباشی لەسەر کاغەزەوە بخاتە نێو لاکێشەی سەوز و بەبردنەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە کیشوەرییە.

لە بەرامبەردا، ژاپۆن کە خۆی بۆ رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی ساڵی داهاتوو لە تۆکیۆ ئامادەدەکات، دوور لە هەموو پێشبینییەکان بە تیپی یاریزانە خوار 23 ساڵییەکان بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات، بەئامانجی ئەوەی ئەگەر هیچ نەبێت شتێک لەو ئەزموونە فێرببن و بەباشی هەڵبژاردەکە بۆ رکابەرییەکە ئامادەبێت.

سامۆرای دووربین، دەزانێت رکابەرییکردنی گەورەکانی ئەمریکای باشوور لە پاڵەوانێتییە شتێکی ئاسان نییە، بۆیە بە تێکەڵەیەک لە یاریزانی بە ئەزموون و گەنج لە رکابەرییەکەدا بەرامبەر چیلی یارییدەکات و ئامانجیشی جگە لە بردنەوە زیاتر بەرەوپێشەوە بردنی هەڵبژاردەکەیە لەرووی توانای جەستەیی و شێوازی یارییکردنەوە.