گۆڵپارێزی سێلتاڤیگۆ نهێنییه‌كی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر یاری ئه‌مشه‌و ئاشكرا ده‌كات
سێرخیۆ ئه‌لڤاریز، گۆڵپارێزی یانه‌ی سێلتاڤیگۆی ئیسپانی، سه‌باره‌ت به یارییه چارهنووسسازهكهی ئه‌مشه‌وی نێوان یانه‌كه‌ی و ریال مه‌درید لێدوانێكی پێشبینی نه‌كراو ده‌دات، كه بێگومان به دڵی هانده‌رانی یانه‌ی بارسێلۆنا نابێت.
ئه‌لڤارێز، به‌ر له یارییه‌كه به چه‌ند كاژێرێك رایگه‌یاند هاوڕێكانی هیچ ئاره‌زوویه‌كیان نییه بۆ بێزاركردنی یانه‌ی ریال مه‌درید له یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌ودا.
ئه‌و گۆڵپارێزه له‌و باره‌وه گوتی "له راستیدا له ژووری جلگۆڕین و له‌نێو هاوڕێكانمدا هه‌ستم به هیچ په‌رۆشی و ئاره‌زوویه‌ك نه‌كردووه بۆ بردنه‌وه له ریال مه‌درید یاخود كۆششكردن بۆ ئه‌وه‌ی دڵی بارسێلۆنا خۆش بكه‌ین".
ئهوگۆڵپارێزه هه‌روه‌ها گوتیشی "ته‌نانه‌ت له‌نێو هانده‌رانی سێلتاڤیگۆشدا هیچ ئاره‌زوویه‌ك نییه بۆ بێزاركردنی ریال مه‌درید، بۆ نموونه كه له شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕۆین هیچ هانده‌رێك پێینهگوتووین تكایه به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید خۆتان ماندوو بكه‌ن و لێیان ببه‌نه‌وه".
ئه‌م لێدوانه‌ی ئه‌لڤارێز له كاتێكدایه، كه هه‌وادارانی بارسێلۆنا ئه‌مشه‌و چاوه‌ڕوانی سوپرایزێكن و ده‌یانه‌وێ سێلتاڤیگۆ یارییه‌كه بباته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له كۆتا گه‌ڕی لالیگادا نازناوه‌كه بۆ خۆیان ببه‌نه‌وه.