هونەرمەندێکی کورد لەگەڵ ئەستێرەکانی ریال سۆسیداد دەردەکەوێت


رووداو – هەولێر

هونەرمەندی کورد، دواڕۆژ هادی پێش یارییەکەی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال سۆسیداد لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ی لالیگا کە بارسا یارییەکەی بە 3-2 بردەوە لەگەڵ ئەستێرەکانی ریال سۆسیداد دەردەکەوێت.

دواڕۆژ چەند وێنەیەکی خۆی لەگەڵ هەریەکە لە کارلۆس ڤێلا، ئێستیبان گرانێرۆ، ئاسیر ئیارامێندی و چەند یاریزانێکی دیکەی ریال سۆسیداد لە توڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە.



لەبارەی چونیەتی بینینی ئەو یاریزانانە هونەرمەند دواڕۆژ کە ئێستا لە وڵاتی نەرویجە بە رووداوی گوت، پێش یاری نێوان هەردوو یانە یاریزانانی ریال سۆسیداد لەو هۆتێلە دابەزین کە منی لێ بوو، کاتێک ئەوانم بینی زۆر دڵخۆشبووم و چوومە لایان پێمگوتن من خەڵکی کوردستان و دەمەوێت وێنەی یادگاری پێکەوە بگرین، ئەوانیش زۆر رێزیان گرتم و چەند وێنەیەکمان پێکەوە گرت.

دواڕۆژ زیاتر گوتی، کاتێک ئەوانم بینی زۆر سەرسام بووم بە کارلۆس ڤێلا و گێرۆنیمۆ رووڵی گۆڵپارێزی ئەرجەنتینی یانەی ریال سۆسیداد بۆیە حەزمکرد وێنەیان لەگەڵ بگرم.



دواڕۆژ هادی لەگەڵ کارە هونەرییەکەی زۆر حەزی لە تۆپی پێشە و هاندەری یانەی بارسێلۆنایە و چەندینجاریش بە درێسی ئەو یانەیەوە دەرکەوتووە.