لالیگا جارێکی دیکە چووەوە ژێر رکێفی دووجەمسەرەکە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەشکستی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەرامبەر بارسێلۆنا، جارێکی دیکە لالیگا کەوتەوە ژێر رکێفی رکابەریی دوو جەمسەری بارسا - ریال، کە ساڵانێکی زۆرە ململانێیەکی تووند لەسەر نازناوی وەرز لە دوای وەرزی لالیگا دەکەن.
 
بارسێلۆنا دوای یارییەکی ئاگرین و مێژوویی لە میترۆپۆلیتانۆ، لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە و ئەرکی ئەو یانەیەی بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی لالیگا ئاڵۆزترکرد. دوای ئەو یارییە، یانەی بارسێلۆنا بەکۆکردنەوەی 60 خاڵ لە پلەی یەکەم مایەوە، یانەی ریال مەدریدیش بە 60 خاڵ لە هەمان پلەیە، بەڵام بارسا یارییەکی کەمتر ئەنجامداوە، جیا لەوەی بەجیاوازیی گۆڵیش لە پێش ریال مەدریدە.
 
هەرچی ئاتلێتیکۆ مەدریدە دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا، بەکۆکردنەوەی 56 خاڵ، لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە جێگیربوو.
 
بارسێلۆنا یارییەکی دواخراوی هەیە، یاریی ئەو یانەیە بەرامبەر ئۆساسونا، لەبەر کۆچی دوایی پزیشکی یانەکە، بۆ رۆژی 27/3/2025 دواخرا، ئەوە کێشەی بۆ یانەکە دروستکردووە، چونکە کاتی یارییەکە تەنیا رۆژێک دوای یاریی هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و بەرازیلە و بەو هۆیەوە بارسێلۆنا لە تواناکانی رافینیا بێبەش دەبێت.
 
بارسێلۆنا و ریال مەدرید رکابەرییەکەیان تووندتر دەبێت، ئەو دوو یانەیە خاڵەکانیان وەکو یەکن، ئەوەی لەیەکیان جیادەکاتەوە جیاوازیی گۆڵەکانیانە، دەکرێت ئەم کێبڕکێ سەختە تاوەکو کلاسیکۆی مانگی 5 بەردەوام بێت و هەر ئەو یارییەش ببێتە یاریی یەکلاییکەرەوە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا.
 
ئەم وەرزە بارسێلۆنا بەجیاوازییەکی زۆر، خاوەنی باشترین هێڵی هێرشبەرییە لە لالیگا، ئەو یانەیە لەم وەرزەی لالیگا، لە 27 یاریدا، 75 گۆڵی تۆمارکردووە، یانەی ریال مەدرید خاوەنی دووەم زۆرترین گۆڵە لە خولەکە، ئەو یانەیە 59 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لە رووی بەرگرییەوە، بارسێلۆنا و ریال مەدرید وەکو یەکن، هەریەک لەو دوو یانەیە، 27 گۆڵی لێکراوە.
 
دوور لە رکابەرییە سەختەکەی بەدەستهێنانی خول، لە پلەکانی کۆتاییشدا شەڕی مانەوە لە خول گەرم بووە، 5 یانە لە رکابەریدان بۆ مانەوە لە لالیگا، لاس پالماس 25 خاڵ، لێگانێس 27 خاڵ، ئالاڤێش 27 خاڵ، ڤالێنسیا 28 خاڵ و ئیسپانیۆل 28 خاڵ.
 
ئەو یانانە لە رکابەریدان بۆ ئەوەی مانەوەیان لە خولەکە مسۆگەر بکەن، یانەی ریال ڤایادۆلیدیش بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ، نزیکە لەوەی ماڵئاوایی لە لالیگا بکات.
 
ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەش رکابەرییەکی بەهێزی تێدایە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، بە کۆکردنەوەی 22 گۆڵ، گۆڵکاری خولەکەیە. کیلیان ئێمباپێ، بە کۆکردنەوەی 20 گۆڵ لە پلەی دووەم دێت. دوای دابەزینی ئاستی لیڤاندۆڤسکی لە چەند یاریی رابردووی یانەکەی، ئەگەری ئەوە هەیە، ئێمباپێ پلەی یەکەمی گۆڵکەرانی پێ چۆڵبکات، بەتایبەت بەسەرنجدان لەو راستییەی کە ئەستێرە فەرەنسییەکە لە دوایین هەفتەکاندا، بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوتووە و ئاستی روو لە بەرزبوونەوەیە.
 
ریزبەندیی ئەسیستکارەکانی خولەکە بە رەنگی سوور و شین داپۆشراوە، لامین یامال 11 ئەسیستی کردووە و لە پلەی یەکەم دێت، رافینیاش بە  9 ئەسیست پلەی دووەمی گرتووە، لە دوای ئەوانەوە، ئینیاکی ویلیامز، ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباو، دێت کە ئەم وەرزە 8 ئەسیستی کردووە.
 
رکابەریی بردنەوەی خەڵاتی زامۆرا، کە دەدرێتە باشترین گۆڵپارێزی لالیگا، تا دێت تووندتر دەبێت، یان ئۆبلاک (ئاتلێتیکۆ مەدرید) و ئالێکس رێمیرۆ (ریال سۆسیێداد)، بەیەکەوە لە پلەی یەکەم دێن و هەریەکێکیان 12 کلین شیتی کردووە، تیبۆ کۆرتواش بە 8 کلین شیت لە پلەی سێیەم دێت.
 
هەریەکە لە پاولۆ گازانیگا و یاسپەر سیلیسین گۆڵپارێزانی جیرۆنا و لاس پاڵماس، 3 لێدانی سزایان گەڕاندووەتەوە و ئەوەش زۆرترینە لە خولەکە.