قوباد تاڵەبانی دەیەوێت یانەی سلێمانی بگەڕێنێتەوە پێگەی شیاوی خۆی
رووداو دیجیتاڵ
یانەی وەرزشیی سلێمانی رایگەیاند، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆکی شانازیی یانەی وەرزشیی یانەکەیان دەستنیشانکرا.
یانەی سلێمانی، رایگەیاند قوباد تاڵەبانی سەردانی یانەکەیانی کردووە و لەلایەن سەرکەوت حەسەن، سەرۆکی یانە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕییەوە پێشوازی لێکراوە.
قوباد تاڵەبانی کە لەو سەردانەیدا بەشە جیاجیاکانی یانەکەی بەسەرکردەوە لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی یانەکەوە وەک سەرۆکی شانازیی یانەی دایک دیاریکرا.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە کە مێژووی وەرزش لە سلێمانی بە یانەی وەرزشیی سلێمانییەوە گرێ دراوە، بۆیە پێویستە شوێن و پێگەی شیاوی خۆی بۆ بگەڕێتەوە.
تاڵەبانی لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا، پەیامێکی بەو بۆنەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دووپات لەوە دەکاتەوە کە شانازی بەوە دەکات ببێتە سەرۆکی شانازیی یانەی سلێمانی و ئاشکرای دەکات کە بڕیاریان داوە لە ماوەیەکی کورتدا پلانێکی تۆکمە بۆ پێنج ساڵی داهاتووی یانەکە ئامادەبکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پێشینەی کارەکانی یانەی سلێمانی لەو پلانە پێنچ ساڵییەدا تیپی تۆپی پێی یانەکەیە، کە دەیانەوێت سەرەتا لە خولی پلە سێی عێراق بگەیننە خولی پلە دووەکان و ئینجا تیپی کوردستانیش دروست بکەنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، پلانەکە بە گۆڕینی دەستەی کارگێڕیی یانەکە دەستپێدەکات و راهێنەر و دەستەیەکی هونەری بەتوانا بۆ یانەکە دێنن.
پەیامی قوباد تاڵەبانی وەک خۆی:
مێژووی وەرزش لە سلێمانی بە یانەی وەرزشیی سلێمانییەوە گرێ دراوە و چەندین نەوەی خەڵکی سلێمانی بیرەوەرییان لەگەڵ ئەم یانەیەدا هەیە.
یانەی سلێمانی یانەی دایکە و دەبێت لەم قۆناغەدا شوێن و پێگەی شیاوی خۆی بۆ بگەڕێتەوە.
لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە کۆبوومەوە، گفتوگۆی تێروتەسەلمان کرد لەبارەی چۆنییەتی بووژانەوە و گەشەپێدانی یانەکە کە لە ئێستادا خاوەنی چەندین تیپە لە بوارە جیاوازە وەرزشییەکاندا.
بە شانازییەوە بەندەیان وەک سەرۆکی فەخری یانەکە دەستنیشان کرد و بڕیارماندا لە ماوەیەکی کورتدا پلانێکی تۆکمە بۆ پێنج ساڵی داهاتووی یانەکە ئامادەبکرێت تا بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەکمانەوە یانەی سلێمانی بگەیەنینەوە ئەو ئاستەی کە شایستەی ناوبانگ و مێژووە پڕشنگدارەکەیەتی.