ڤیدیۆ؛ لیڤەرکوزن دواکەوتنی بۆ بردنەوەیەکی مێژوویی گۆڕی
رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی دراماتیکی و پڕ گۆڵدا لە خولی ئەڵمانیا، یانەی بایرلیڤەرکوزن بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ لە شتوتگارتی بردەوە و دواکەوتنی بۆ بردنەوە گۆڕی.
یارییەکە لە یاریگەی شتوتگارت بەڕێوەچوو، دوای 14 خولەک یارییکردن ئەردمین دەمیرۆڤیچ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، نیک ڤێلتێمادێ گۆڵی دووەمی شتوتگارتی تۆمارکرد.
لە خولەکی 56 جێریمی فریمپۆنگ ئەنجامەکەی کەمکردەوە و گۆڵێکی بۆ بایرلیڤەرکوزن تۆمارکرد.
زۆری نەبرد گرانیت شاکا گۆڵێکی لە خۆیان کردەوە و شتوتگارت بووە خاوەنی سێ گۆڵ.
دوای ئەم گۆڵەوە یارییەکە سەرنجڕاکێشتر لێهات، لە خولەکی 67 پیێرۆ هینکاپێ لیڤەرکوزنی کردە خاوەنی خاوەنی دوو گۆڵ و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
لە خولەکی 88 ئانخێلۆ ستیلەر بەهەڵە گۆڵێکی لە شتوتگارت کردەوە و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
لە خولەکی 94 پاتریک شیک گۆڵی چوارەمی بۆ لیڤەرکوزن تۆمارکرد، یانەکە ریمۆنتادایەکی مێژوویی تۆمارکرد و بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ یارییەکەی بردەوە.