سەرۆکی فیفا لەبارەی دۆسێیەکەی بارسێلۆنا و نیگرێراوە چی دەڵێت؟


رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، هەست بە دڵەڕاوکە دەکات لەبارەی ئەو دۆخەی بەهۆی دۆسێی بارسێلۆنا و نیگرێراوە لە ئیسپانیا سەریهەڵداوە.
 
بارسێلۆنا تۆمەتبارکراوە بەوەی پارەی گوماناوی داوەتە خۆسێ ماریا نیگرێرا، جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا.
 
داواکاری گشتیی ئیسپانیا، تۆمەتەکانی گەندەڵی، نەپاراستنی ئەمانەت و ساختەکاری داوەتە پاڵ بارسێلۆنا.. بارسێلۆنا سوورە لەسەرئەوەی هەڵەی نەکردووە و گەندەڵیی ئەنجام نەداوە.. دۆسێی لێکۆڵینەوەکان دراونەتە دەست دادگای دژە گەندەڵیی ئیسپانیا و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
 
ئینفانتینۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "دۆسێی نیگرێرا شتێکی باش نییە بۆ تۆپی پێ، دەبێ بەوردی شیبکەینەوە تاوەکو بزانین چی روویداوە و چۆن چارەسەر دەکرێت".
 
ئینفانتینۆ لە دوای هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی تاوەکو ساڵی 2027، قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی، "بەدڵنیاییەوە چاودێری هەموو رووداوەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردە و یانەکان دەکەم، کاتێک رووداێکی نێگەتیڤ هەبێت، ئەوە تووشی دڵەڕاوکەمان دەکات".
 
سەرۆکی فیفا زیاتر دەڵێ، "یانەکان کاری زۆر لە پێناو تۆپی پێدا دەکەن، نەک تەنیا شارەکان و دەوڵەتەکان، بەڵکو لە هەموو جیهاندا هەمان کاردەکەن".
 
ئینفانتینۆ، رایەکی راشکاوانە بە تۆمەتبارکردن یان بێتاوانکردنی بارسێلۆنا ناڵێت و دەڵێ، "هەموومان مرۆڤین و هەڵە دەکەین، شرۆڤەی ئەوە دەکەین کە لە ئیسپانیا روویداوە، تاوەکو بزانین چۆن دەتوانین چارەسەری بکەین".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "لە چەندین دەوڵەتی دونیادا یانەی گەورەی تێوەگلاومان بە کێشەکان هەیە، دەبێ هەموومان کاربکەین بۆ ئەوەی پۆزەتیڤانە بەرەو پێشی ببەین و گرنگیشە دوای ئەوە لە کێشەکە تێبگەین و چارەسەری بکەین".