گواردیۆلا دان بە راستییەکی تاڵدا دەنێت

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی بەرپرسیارێتی بەجێهێشتنی ئەستێرەیەکی یانەکەی لەئەستۆ دەگرێت، کە ئێستا ئەو یاریزانە بە یەکێک لە باشترین ئەستێرەکانی پرێمەرلیگ دادەنرێت.

کۆڵ پاڵمەر، یاریزانی پێشووی یانەی مانچێستەر سیتی، کە هاوینی رابردوو  پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد، لەم وەرزەدا ئاستە ناوازەکەی وایکردووە کە بەشێکی هاندەران و میدیاکان گومانی ئەوەیان لادروستبێت کە گواردیۆلا هەڵەی کردبێت لە بەڕێکردنی ئەو یاریزانە، لە رابردوودا راهێنەرە ئیسپانییەکە رایگەیاندبوو کە پاڵمەر خۆی داوای رۆیشتنی کردووە، دواتر هێرشبەرە ئینگلیزییەکە لە لێدوانێکیدا گوتی کە ئەو نەیویستووە لە مانچێستەر سیتی بڕوات، بەڵکو داوایکردووە بۆ ماوەی ساڵێک بە خواستن یانەکە جێبهێڵێت بۆ ئەوەی دواتر بگەڕێتەوە و بۆ تیپی یەکەم ئامادەبێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت یانەکە ئەوەی رەتکردووەتەوە، بۆیە ئەویش بڕیاریداوە پەیوەندی بە چێڵسییەوە بکات. 

گواردیۆلا لە لێدوانێکیدا جارێکی دیکە باسی پاڵمەر دەکاتەوە و هۆکاری رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە مانچێستەر سیتی بۆ کەمی خولەکی یاریکردن دەگەڕێنێتەوە، راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێت "ئەگەر من ئەو خولەکانەی کە بە فیڵ فۆدنم داوە بە پاڵمەرم بدایە، ئێستا ئەو لە مانچێستەر سیتی دەبوو، بەڵام من پێمنەدا، بۆیە من ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ دەگرم."

دواتر پێپ هۆکاری ئەو بڕیارەی رووندەکاتەوە و دەڵێت "من خولەکی زۆرم پێنەدا، چونکە بێرناردۆ سیلڤا، ریاز مەحرەز و فیڵ فۆدنم لە تیپەکەدا هەبوو، بۆیە من لەو کاتەدا ئەو یاریزانانەی دیکەم هەڵبژارد."

پاڵمەری تەمەن 21 ساڵ، بە یەکێک لە باشترین یاریزانە لاوەکانی ئەوروپا دادەنرێت و لەم وەرزەدا ئاستێکی ناوازەی پێشکێشکردووە، بەشێوەیەک کە لە 31 یارییدا بەشداری لە 23 گۆڵ کردووە، سەرەڕای ئەوەی لە بەشێکی یارییەکاندا وەک یاریزانی یەدەگ بەشداری کردووە.