رێکارەکانی بارسێلۆنا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە دارییەکان ئاشکرادەبن

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دەیەوێت لەو قەیرانە ئابوورییانەی تووشی بووە رزگاری بێت و چاوی لەوەیە چەند سەرچاوەیەکی داهات بۆ یانەکە بدۆزێتەوە، تاوەکو بتوانێت لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرە جیهانییەکان بەردەوامبێت.
 
لە ماوەی رابردوودا بارسا رێگەی فرۆشتنی کورسی و چیمەنی یاریگەی سپۆتیفای کامپنوی گرتە بەر بە مەبەستی کۆکردنەوەی داهات، ئەمە جگە لەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێکی لە داهاتی ستۆدیۆکانی یانەکەی فرۆشت بۆ ئەوەی پارەی دەستبکەوێت و گرێبەست لەگەڵ یاریزاناندا بکات، یانەکە چاوی لە کۆکردنەوەی داهاتی زیاترە و بەو هۆیەوە دەیەوێت چەند رێگەیەکی دیکەی پارە کۆکردنەوە بگرێتە بەر، رێگەکانیش ئەمانەن:
 
فرۆشی درێسەکان
 
کۆمپانیای نایکی، کە سپۆنسەری سەرەکی درێسەکانی یانە کەتەلۆنییەکەیە، تاوەکو ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەدا هەیە، بەڵام بەپێی هەواڵەکان کۆمپانیای پوما هەتووەتە سەر هێڵ و گرێبەستێکی باشتریان پێشکێش بە بارسا کردووە. 
 
جیاوازی نێوان ئەو دوو کۆمپانیایە لەوەدایە کە گرێبەستەکانی نایکی زیاتر سەرنج دەداتە سەر بەخشیشەکان، لە کاتێکدا پوما پارەیەکی جێگیری زیاتر بە بارسا دەدات لە پێناو ئەوەی لۆگۆکەی لەسەر درێسی یانەکەدا دابنرێت. 
 
بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، بارسێلۆنا بیر لە بژاردەی سێیەمیش دەکاتەوە، کە بریتییە لەوەی خۆیان درێسەکانیان درووستبکەن، یانەکە لە ئێستاوە سەردانی چەند کارگەیەکی درووستکردنی جلوبەرگی کردووە لە وڵاتانی چین و بەنگلادیش، هەروەها دانووستاندنی لەگەڵ چەند بریکارێکی گەورە دەستپێکردووە بۆ ئەوەی لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا درێسەکان بفرۆشرێن. 
 
بەپێی هەواڵەکان، بژاردەی بارسا هەرچییەک بێت، یانەکە دەیەوێت زۆرترین داهات لە رێگەی فرۆشتنی درێسەکانییەوە کۆبکاتەوە، بەشێوەیەک کە چاوی لەوەیە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر وەرزێک بەدەستبهێنێت. 
 
ژووری 'VIP' لە سپۆتیفای کامپنو
 
بەپێی رۆژنامەی سپۆرت، یانەی بارسێلۆنا لە ئێستاوە بەدوای کڕیاردا دەگەڕێت بۆ ژوورە 'VIP'ـییەکانی لە یاریگەی سپۆتیفای کامپنو، کە ئێستا یاریگەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە و یانە ئیسپانییەکە رایگەیاندووە کە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەرگاکانی بەڕووی هاندەراندا دەکرێنەوە. 
 
بارسا چاوی لەوەیە هۆسپیتاڵیتی وەک سەرچاوەیەکی دیکە بەکاربهێنێت کە لە رێگەیەوە داهاتێکی زۆر کۆبکاتەوە، بەشێوەیەک کە بەشێکی ژوورەکان نرخیان دەگاتە 27 هەزار یۆرۆ، یانەکە دەیەوێت بەو کارەی لە هەر وەرزێکدا بڕی 120 ملیۆن  یۆرۆ کۆبکاتەوە.
 
مەرجی پێکان و راگیران لە گرێبەستی یاریزاناندا
 
بەپێی هەواڵەکان، یانەی بارسێلۆنا لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکانی و گواستنەوەی یاریزانی نوێ، مەرجێکی تازەی کردووەتە نێو گرێبەستەکان و لەو رێگەیەوە دەتوانێت بڕێک پارە کۆبکاتەوە. 
 
مەرجەکە پەیوەندی بە دوورکەوتنەوەی یاریزانەکان هەیە، بەشێوەیەک کە ئەگەر هەر یاریزانێک بەهۆی راگیران یان پێکانەوە نەتوانێت لە 60٪ی یارییەکان بەشداری بکات، ئەوا بارسا بەشێکی لە مووچەی ئەو یاریزانە بۆ دەگەڕێتەوە، بەپێی هەواڵەکان یانەکە بەو رێگەیە نزیکەی 10 ملیۆن یۆرۆی بۆ گەڕاوەتەوە.