هەواڵێکی خۆش بۆ هاندەرانی مان سیتی

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جێهێشتنی ئینگلتەرا و پەیوەندیکردن بە خولی سعودییەوە، ئەستێرەیەکی یانەی مانچێستەر سیتی لە یانەکە دەمێنێتەوە. 
 
جاک گۆگان، رۆژنامەڤانی نزیک لە یانەی مانچێستەر سیتی رایگەیاند، یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت پارێزگاری لە کێڤن دی برۆین، یاریزانی بەلجیکی و ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەکە بکات و نایەوێت لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا بیفرۆشێت.
 
لە ماوەی رابردوودا، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە چەند یانەیەکی خولی سعودی دەیانەوێت دی برۆین بگوازنەوە سعودیە و لەو پێناوەدا ئامادەن گرێبەستێکی گرانبەها پێشکێشی یاریزانەکە بکەن، لەو بارەیەوە گۆگان دەڵێت سعودیە دەبێت گرێبەستێکی خەیاڵی پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی مانچێستەر سیتی تەنانەت بیریش لە فرۆشتنی دی برۆین بکاتەوە.
 
سەرەڕای ئەوەش دی برۆین پێدەچێت لە ئینگلتەرا دڵخۆشبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەرزی رابردوو توانی سەرکردایەتی یانەکەی بکات بۆ بردنەوەی نازناوەکانی پرێمەرلیگ، چامپیۆنزلیگ و ئێف ئەی کەپ، گۆگانیش دەڵێت "دی برۆین مانچێستەر وەک ماڵی خۆی سەیر دەکات."