جامی کەنداو لە عێراق ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق، تاوەکو ئێستا کە یارییەکانی جامی کەنداو گەیشتنە قۆناخی کۆتایی، باشترین هەڵبژاردەی پاڵەوانێتییەکەیە و بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکەش لە عێراق ریکۆردی تۆمارکرد
عێراقی میوانداری پاڵەوانێتییەکە باشترین ئاستی پێشکێشکردووە و لایەنێکی یاریی کۆتاییە، کە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکات، کاتێک رووبەڕووی هەڵبژاردەی عومان دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی عێراق کاروانەکەی بە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی عومان دەستپێکرد و هەردوو هەڵبژاردە لە یەکەم یاریی جامی کەنداودا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، دوای ئەوەش سێ یاریی لەسەریەکی لە هەڵبژاردەکانی سعودیە، یەمەن و قەتەر بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی.
عێراق لەو چوار یارییەدا کە ئەنجامیداون، تەنیا 1 گۆڵی لێکراوە و جەلال حەسەن، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکە زۆرترین کلین شیتی هەیە لە پاڵەوانێتییەکەدا، کە لە 3 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی پاراستووە.
هەڵبژاردەی عێراق لەو 4 یارییەی کە ئەنجامیداون، بەهێزترین هێڵی هێرشبەری هەیە، 9 گۆڵی تۆمارکردووە و هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکە ئەو رێژەیەی گۆڵی تۆمارنەکردووە.
جگە لەمەش ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەکە گۆڵکاری جامی کەنداوە و تاوەکو ئێستا 3 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمجەد عەتوان، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەکەش بە دروستکردنی 2 گۆڵ خاوەنی زۆرترین ئاسیستە لە پاڵەوانێتییەکەدا.
تاوەکو کۆتاییهاتنی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو، لە 14 یارییدا 34 گۆڵ تۆمارکراون، بەرێژەی 2.4 گۆڵ بۆ هەر یارییەک، تەنیا یەک یاری بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهاتووە، ئەویش یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بوو لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان.
جامی کەنداوی 25 ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد و تاوەکو ئێستا 520 هەزار هاندەر لە یارییەکاندا ئامادەبوون، سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا یاریی کۆتایی نەکراوە، پێشتر لە هیچ یەکێک لە وڵاتەکاندا کە جامی کەنداوی تێدا بەڕێوەچووبێت، ئەم ژمارە زۆرەی هاندەران ئامادەنەبوون.