راهێنەری عێراق: ئێستا کاتی بیرکردنەوەیە لە نازناوی جامی کەنداو
رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەیان لە قەتەر و گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق پەیامێکی دڵخۆشکەری دایە هاندەران و دەڵێت " ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ بیرکردنەوە لە بردنەوەی نازناوەکە."
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی " بردنەوەمان لە قەتەر و گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، پێشکێشدەکەم بە رۆحی ئەو قوربانیانەی لە رووداوەکەی زیقاردا گیانیانلەدەستدا، بردنەوەیەکی دادپەروەرانە بوو و زۆر دڵخۆشم بە سەرکەوتنمان بۆ یاریی کۆتایی."
راهێنەری عێراق دەڵێت " کارکردنمان بە تۆپی کورت هەنگاو هەنگاو باشتر دەبێت، ئێمە لە چەند یارییەکدا بەو شێوەیە یاریمان کردووە و لە یارییەکەی بەرامبەر قەتەریش هەر وا بوو، دەزانین ئەیمەن حوسێن سوود لە تۆپی بەرز وەردەگرێت، بۆیە بە تۆپی درێژیش یارییدەکەین و ئامانجەکەمان پێکا."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ بیرکردنەوە لە نازناوی جامی کەنداو؟ کاساس گوتی " ئێمە یاری بە یاری بیردەکەینەوە، نەدەکرا لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکەوە بیر لە بردنەوەی نازناو بکەینەوە، بەڵێ ئێستا کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی بیر لە پاڵەوانبوون و بردنەوەی نازناوەکە بکەینەوە."
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر ئاستی تیپەکەی پێشاندا و گوتی " دڵخۆشم بەو ئاستەی تیپەکە پێشکێشیدەکات، بەرگریکارەکان بە کۆمەڵ کاردەکەن، ئێمەش توانیوومانە لە رووی بەرگرییەوە سەرکەوتوو بین، کاتێک بە پێنج بەرگریکار یارییدەکەین."
دوای یارییەکەش کاساس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا وێنەی خۆی لەگەڵ دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق بڵاوکردەوە و بە هەر سێ زمانی ئیسپانی، ئینگلیزی و عەرەبی نووسیوویەتی " ئێمە یەک خەونمان هەیە."
رۆژی پێنجشەممە کاژێر 19:00 لە یاریی کۆتایی جامی کەنداودا، لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.