ماوەی دوورکەوتنەوەی لامین یامال، بارسێلۆنا شۆک دەکات

ررووداو دیجیتاڵ

لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، لەدوای یاریی بەرامبەر لێگانیس، نیگەرانییەکانی هاندەرانی تیپەکەی زیاترکرد، دوای ئەوەی دەرکەوت کە تووشی پێکان بووە.
 
لەو یارییەدا کە لەگەڕی حەڤدەی خولی ئیسپانیا بەڕێوەچوو، و بارسا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا، لامین لە نیوەی یەکەمدا و لە بەریەککەوتنێکدا لەگەڵ یاریزانێکی لێگانیس هەستی بە ئازارکرد، بەڵام بەردەوام بوو لە یاریکردن.
 
یاریزانە گەنجەکەی بارسا لەنێوان دوو گێمی یارییەکەدا چارەسەری بۆ کرا و یارییەکەی تەواوکرد سەرەڕای ئەوەی کاتێک لە گێمی یەکەمدا تووشی پێکان بوو و ئاماژەی بۆ راهێنەر کرد بۆ ئەوەی گۆڕانکاری پێبکات، بەڵام نەکرا.
 
لە خولەکەکانی کۆتاییدا، لامین گۆڕانکاری پێکرا، چونکە نەیتوانی یارییەکە تەواوبکات، بەهۆی ئەوەی هەستی بەئازاری پاژنەی پێی دەکرد.
 
لامین یامال لە یاریی بەرامبەر سێرڤینا سڤیزدای سڕبی لە چامپیۆنزلیگدا تووشی پێکان بوو، و بەو هۆیەوە بۆ ماوەیەک دوورکەوتەوە و بەرامبەر ریال سۆسیداد و سێلتاڤیگۆ لە لالیگا و ستاد برێستی فەرەنسی لە چامپیۆنزلیگدا بەشداری نەکرد.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا، دەڵێن دەستنیشانکردنی سەرەتایی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە یاریزانەکە تووشی لێدانێکی تووند بووە لە پاژنەی پێی و ئەگەری هەیە لانیکەم دوو هەفتە دووربکەوێتەوە.
 
ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانییە بۆ بارسێلۆنا و هاندەرەکانی، ئەوەیە کە ئەمڕۆ پشکنینی زیاتر بۆ یاریزانەکە دەکرێت و ئەگەرێک هەیە لامین بەهۆی ئەو پێکانەوە 8 هەفتە دووربکەوێتەوە، کە ئەگەر ئەوە روویدا دەبێتە شۆکێکی گەورە بۆ تیپی کەتەلۆنی.
 
لامین یامال، پێش دەستپێکردنی یارییەکە خەڵاتی کوڕە ئاڵتونییەکەی وەرگرت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاندەرانی تیپەکەی بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان لێکرد.