ریال مەدرید دەیەوێت بیکاتە دوو بێلینگهام

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، چاودێری ئەستێرەیەکی چامپیۆنشیپ دەکات و دەیەوێت ئەگەر لەهەمان ئاستی ئێستای بەردەوامبێت لە داهاتوودا پەلکێشی ریزەکانی بکات. 
 
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، یانەی شاهانە چاودێری تواناکانی جۆوب بێلینگهام، ئەستێرەی ئینگلیزی و یاریزانی یانەی سەندەرلاند دەکات و سەرسامە بەو ئاستەی یاریزانەکە لەم وەرزەی چامپیۆنشیپدا پێشکێشی دەکات. 
 
جۆوب بێلینگهامی تەمەن 18 ساڵ، برای جود بێلینگهامی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدە و هاوشێوەی براکەی لە ‌هێڵی ناوەڕاست یاری دەکات، دەتوانێت بچێتە پێشەوە و لە هێڵی هێرشبەریشدا جیاوازی دروستبکات، بەپێی میدیاکان، جۆوب لە جودی برای کامڵترە و لە هەندێك رووەوە لەو باشترە، لەم وەرزەدا لەگەڵ سەندەرلاند بەشداری لە 21 یاریدا کردووە و چوار گۆڵی تۆمارکردووە. 
 
جود بێلینگهام، لە هاوینی ئەمساڵدا بەبڕی 103 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، هەر لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە بە ئاستە سەرسوڕهێنەرەکەی جیهانی بەخۆیەوە سەرسام کرد و لەم وەرزەدا لە 19 یاریدا 16 گۆڵی بۆ یانە مەدریدییەکە تۆمارکردووە، ریال مەدرید هیوا دەخوازێت جۆوبیش هەمان رێچکەی براکەی بگرێت و لە داهاتوودا وەکو ئەو ببێتە ئەستێرەیەکی ناوداری یانەکە.