ئەستێرەیەک لە باڤاریاوە دەچێتە کەتەلۆنیا

رووداو دیجیتاڵ 

جۆشوا کیمیچ، یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، ئەگەری راست دەرچوونی ئەو هەواڵانەی زیاتر کرد، کە باس لە گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا لە هاوینی داهاتوودا دەکەن.
 
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، کیمیچ بەدوای بەڕێوەبەرێکی کاردا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکات، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ویستی ئەو یاریزانە بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆی.
 
کیمیچ بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ بەرێوەبەری کار ماوەتەوە، بەهۆی ئەوەی زۆر ئاسوودە بوو بە پۆشینی درێسی بایرن میونشن و پێویستی بەوە نەبوو بەڕێوەبەری کاری هەبێت، چونکە هەرگیز بیری لە رۆیشتن لە یانە باڤارییەکە نەدەکردەوە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هەنگاوی گرێبەستکردن لەگەڵ بریکاری یاریزانان ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی کە کیمیچ نزیکە لە بەجێهێشتنی ریزەکانی بایرن میونشن، بەتایبەتی کە ئەمە خواستی ئەوە.
 
ماوەی گرێبەستەکەی کیمیچ لەگەڵ بایرن میونشن لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، بەڵام یاریزانەکە دەیەوێت هاوینی داهاتوو بڕوات، بۆ ئەوەی بایرن لە رووی داراییەوە سوودمەند بێت لە رۆیشتنی.
 
بەپێی هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، چەند دەنگێک لەنێو بایرن میونشندا هەن پشتگیری لەو بڕیارە دەکەن کە رێگە بە کیمیچ بدرێت لە هاویندا بڕوات، ئەگەر دەستەوارەیەکی ئابووری باشی پێشکێش بکرێت.
 
گرنگیدانى بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەى کیمیچ دەگەڕێتەوە بۆ چەند وەرزێکى پێشووتر، واتا ئەوە تەنیا پەیوەندی بە داواکەى چاڤی هێرناندێزى راهێنەرەوە نییە، کە پێیوایە کیمیچ زۆر پێویستە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی.