گەڕی چوارەمی خولی کوردستان.. رکابەرییەکی گەرم لە کەشێکی سارددا

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان بەئەنجامدانی چەند یارییەک دەستپێدەکات و یارییەکان لە کەشوهەوایەکی سارددا بەڕێوەدەچن،  کە بەشێك لە یاریگاکان ئەگەری گۆڕینیان هەیە بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بارانی بەخوڕ لە زۆربەی شارەکانی کوردستان.
 
ئاکرێ و هەولێر
 
یانەی ئاکرێ  ئەمڕۆ میوانداری یانەی هەولێر دەکات و لە دوای 3 یارییدا هەردوو یانە 4 خاڵیان کۆکردووەتەوە، ئاکرێ و هەولێر چاویان لە 3 خاڵی یارییەکەیە بۆ سەرکەوتنیان بۆ پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، بە تایبەت دوایی ئەوەی هەردوو یانە لە گەڕی رابردوو تامی بردنەوەیان کرد.
 
برایەتی و سەیدسادق
 
لەسەر یاریگای برایەتی لە شاری هەولێر، سەیدسادق دەبێتە میوانی برایەتی، هێور مستەفا راهێنەری برایەتی دەیەوێت 3 خاڵی یارییەکە مسۆگەر بکات لە کاتێکا دوو یاریی رابردووی یانەکەی شکستی هێناوە، سەیدسادق کە بەهەمان شێوە لەدوو یاری رابردوو دا دۆڕاوە دەیانەوێت بە 3  خاڵی یارییەکە هاندەرانیان ئاشت بکەنەوە.    
 
شەقڵاوە و زاخۆ
 
زاخۆی خاوەن پلەی سێیەم لە لێواری چیای سەفین دەبێتە مێوانی یانەی شەقلاوەی شەشەمی ریزبەندی، زاخۆ چاوی لە بردنەوەیە بۆ گرتنی پێشەنگی ریزبەندییەکە کە ئێستا تەنها دوو خاڵ لە شێروانەی پێشەنگ دوورە.
 
شێڕوانە و چوارقوڕنە
 
پێشەنگی خول یانەی شێروانە پێشوازی لە چوارقورنە دەکات بۆ بەهێزکردنی شوێنەکەی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە، چوارقورنە تاوەکو ئێستا تامی بردنەوەی نەکردووە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە، بۆیە ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی چاوی لەوەدەبێت بە ئەنجامێکی باشەوە لە کەلار بگەڕێتەوە.