ڤیدیۆ؛ هیلال لە یەکەم یارییدا بە ئامادەبوونی نەیمار سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

 

لە گەڕی شەشەمی خولی رۆشنی سعودیەدا، یانەی هیلال بە شەش گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی ریازی بردەوە.
 
لەو یارییەدا، نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی بۆ یەکەمجار لەگەڵ یانەی هیلال یاریکرد.
 
لە خولەکی 29 ئەلێکساندەر پیترۆڤیچ بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەمی بۆ هیلال تۆمارکرد.
 
لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، یاسر ئەلشەهرانی گۆڵی دووەمی بۆ هیلال تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 63ـدا نەیمار لەنێو چەپڵەڕێزانی هاندەراندا هاتە نێو یاریگە و بەشداری لە یارییەکەدا کرد.
 
ناسر ئەلدۆسەری لە خولەکی 68 گۆڵی سێیەمی بۆ یانەی خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
حەوت خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی ئاسایی یارییەکە، مالکۆمی بەرازیلی بە ئاسیستێکی نەیمار گۆڵی چوارەمی بۆ هیلال تۆمارکرد.
 
دوای چوار خولەک سالم ئەلدۆسەری بە لێدانی سزا گۆڵی پێنجەمیشی بۆ هیلال تۆمارکرد.
 
لە کاتی زیادکراویشدا هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و شەشەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
دوای خولەکێک عەلی زەقان تاکە گۆڵی ریازی تۆمارکرد، کە بەم سەرکەوتنە هیلال بە 16 خاڵ لە 6 یارییدا پێشەنگی ریزبەندیی خولەکی گرتووە. لە کاتێکدا ریاز تەنیا 4 خاڵی هەیە و پلەی 16ـی ریزبەندی گرتووە.