چاڤی: بەربژێرکردنم بۆ زە بێست پێکەنیناوییە

رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، باسی لە بەراوردکردنی تیپەکەی و مانچێستەر سیتی کرد، کە یانە ئینگلیزییەکە وەرزی رابردوو سێ نازناوەکەی بردەوە. هەروەها تیشکی خستە سەر بەربژێرکردنی بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین راهێنەری جیهان لە ساڵی 2023 کە لەلایەن فیفاوە پێشکێش دەکرێت.
 
چاڤی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "تۆپی پێ کارێکی بەکۆمەڵە، من گرنگییەکی ئەوتۆ بەو خەڵاتانە نادەم، من کاتێک یاریزانیش بووم گرنگیم پێیان نەدەدا، گرنگ لای من خەڵاتە بەکۆمەڵەکانن، پاڵەوانەکان یاریزانانن". 
 
چاڤی هەروەها گوتیشی "بەربژێرکردنم بۆ زە بێست پێکەنیناوییە، چونکە ئێوەی رۆژنامەڤان هەمیشە رەخنەم لێدەگرن، نازانم چۆن دەنگتان پێداوم".
 
چاڤی رەتیکردەوە ئەو بە پێپ گواردیۆلا بەراورد بکرێت، کە 7 ساڵ لە مانچێستەر سیتی چاوەڕێی کرد پێش ئەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبێنێت و گوتی "لێرە ئارامگرتن نییە، هیچ پەیوەندییەک لە نێوان بارسا و سیتیدا نییە، پێپیش ئەوە دەزانێت".
 
راهێنەرە گەنجەکەی بارسا، ئاماژەی بەوەشکرد "تێدەگەم سەرکەوتن لە رێگەی یارییەکی باشەوە دێت، بەڵام وەرزی رابردوو یارییەکی تایبەتمان بەرامبەر بایرن میونشن ئەنجامدا و بە ئەنجامی 2-0 دۆڕاین. لێرەدا وەک یانەکانی دیکە ئارامگرتن نادۆزیتەوە".
 
چاڤی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، باسی رۆیشتنی یاریزانەکەی، عەبدولسەمەد زەلزوولی کرد و گوتی "رۆیشتنی زەلزولی بڕیارێکی کەسی بوو لەلایەن خۆیەوە، ئەو دەیویست لە هەموو خولەکێکدا یاری بکات، ئێمەش ناتوانین گەرەنتی ئەوەی پێبدەین، و نازانم ئەو داواکارییەی لەگەڵ ریال بێتیسدا بۆی جێبەجێ دەبێت یان نا".